پارێزەرێکی لاهوور جەنگی بۆ کوردستان24: تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەگرین
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکەن کە ئەمڕۆ دادگا سزای بەسەر لاهور شێخ جەنگیدا سەپاندووە و بڕیاریشە لە 28ی ئەم مانگەدا لەسەر دۆسیەیەکی دیکەی پەیوەست بە رووداوەکانی لالەزار دادگایی بكرێتەوە.
پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، سامان حەمە ئەحمەد، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگا بەپێی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی (کە تایبەتە بە رێککەوتنی چەند کەسێک بۆ ئەنجامدانی تاوانێک) و بەپشتبەستن بە کۆمەڵێک بەڵگە کە ئەوان وەک پارێزەران تێبینییان لەسەریان هەیە، سزای بەسەر لاهور شێخ جەنگیدا سەپاندووە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد کە جگە لەم تۆمەتە، دۆسیەیەکی دیکەی جیاواز لە دادگا هەیە کە پەیوەستە بە تۆمەتی کوشتن لە رووداوەکانی لالەزار و بەپێی مادەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی تۆمارکراوە، بڕیاریشە لە 28ی تشرینی یەکەمی 2026 دادگاییکردنی ئەو دۆسیەیەش بەڕێوەبچێت.
پارێزەرەکەی لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە کە هەفتەی داهاتوو دوای دەرچوونی تەواوەتی بڕیارەکەی ئەمڕۆ، وەک تیمی پارێزەران و بەگوێرەی ئەو مۆڵەتە یاساییەی کە مانگێکە، تانە لە بڕیارەکە دەگرن و بە هەموو بەڵگەیەکەوە لە دادگا داکۆکی دەکەن.