پەرلەمان بۆ دەنگدان ئامادەیە، بەڵام چارەنووسی دوو وەزارەت دیار نییە

پەرلەمانی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ دەنگدان بە کاندیدەکان و جێگرانی سەرۆکوەزیران تەواو کردووە، بەڵام دەنگدان لەسەر دوو وەزارەت دوادەخرێت و بەهۆی ناکۆکی لەسەر دروستکردنی وەزارەتی نوێ و زیادکردنی جێگرەکان، ئەگەری دروستبوونی پشێوی هەیە.

فەلاح خەفاجی، ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێککەوتنی پێشوەختە لە نێوان دەوڵەتی یاسا و عەسائیبی ئەهلی حەق هەیە بۆ تێپەڕاندنی کاندیدەکانی یەکتری. 

لە لایەکی دیکەوە رەحیم جەواد، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی رەوتی نیشتمانیی حیکمە، بە کوردستان24ـی گوت، رێککەوتنێکی گشتگیر لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کراوە بۆ ئەوەی کابینەی حکوومەت تەواو بکرێت. هەروەها جەختی کردەوە، رێنماییان لە سەرکردایەتیی حزبەکەیانەوە بۆ هاتووە دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.

هاوکات جاسم مووسەوی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، فراکسیۆنەکەیان دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی دەدات و ئەوانیش دەنگ بە کاندیدەکانی دەوڵەتی یاسا دەدەن.

سەبارەت بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، پۆستەکە بەرکەوتەی کریستیانەکانی عێراقە و ئەو پێکهاتەیە خاوەنی دوو فراکسیۆنە. فراکسیۆنی سۆیانا سێ کورسی هەیە و فراکسیۆنی بابلیۆن خاوەنی دوو کورسییە. فراکسیۆنی بابلیۆن لە لایەن عەسائیبی ئەهلی حەقەوە پشتیوانی دەکرێت و بەنیازن دیانا سەباح، ئەمینداری گشتیی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق وەک کاندیدێکی سەربەخۆ پێشکەش بکەن.

لەم بارەیەوە کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، چاوەڕوان دەکەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنەکەی بباتە سەر و وەزارەتەکە بداتە فراکسیۆنەکەیان. هەروەها باسی لەوە کرد، جگە لەمە هەموو بژاردەیەکی دیکە رەتدەکەنەوە و پەسەندی ناکەن کەسێک بە رێککەوتنی سیاسی پۆستەکە وەربگرێت.

 بڕیارە کاتژمێر 07:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە تەواوکاریی کابینەی سەرۆکوەزیرانی عەلی زەیدی بەڕێوەبچێت. دانیشتنەکە بە داخراوی دەکرێت و رێگە بە دەزگاکانی راگەیاندن نادرێت ئامادەی بن. 

کارنامەی دانیشتنەکە تایبەت کراوە بە دەنگدان لەسەر بەربژێرانی پۆستی جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو وەزارەتانەی تا ئێستا بەتاڵن، هەروەها دەنگدان لەسەر پێکهێنانی چەند وەزارەتێکی نوێ.