هەزاران ئایفۆن سەرئاو کەوتن

کەشتییەکی بازرگانیی گەورە لە گەرووی هورمز نقوم بوو و بە هەزاران مۆبایلی ئایفۆن سەرئاو کەوتن. 

لە رووداوێکی دەگمەن و سەرنجراکێشدا لە گەرووی هورمز، رۆژی چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، کەشتییەکی بازرگانی بە ناوی (جی ئێف ئێس پراید) لە نزیک گەرووی هورمز نقوم بوو. کەشتییەکە هەڵگری ئاڵای سەنگاپورە بوو و زیاتر لە 2500 کۆنتێنەری تێدابوو. 

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم کەشتییە بەهۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی یان تەقەمەنییەکی نەناسراوەوە ئاگری گرتووە و دواتر نقوم بووە. 

لە ئاکامی رووداوەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە کۆنتێنەرەکان، بەتایبەتی ئەوانەی هەڵگری کەلوپەلی گرانبەهای وەک ئایفۆن و بۆن بوون، سەرئاو کەوتن. هەروەها هەر 21 کارمەندەکەی تیمی کەشتییەکە بێ هیچ زیانێک رزگار کران. 

دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ژمارەیەکی زۆر لە ماسیگرانی ناوچەکە بە بەلەمەکانیانەوە روویان لە شوێنی رووداوەکە کرد. ئەوان لە جیاتی راوکردنی ماسی، دەستیان کرد بە کۆکردنەوە و دەرهێنانی کارتۆنە مۆبایلە سەرئاوکەوتووەکان، ئەم کارەش دیمەنێکی نامۆ و بێپێشینەی لە ناوچەکەدا دروست کرد.

هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشدارییان دا، مەترسیی گەورە هەیە لە نزیکبوونەوە لە پاشماوەکانی کەشتییە نقومبووەکە لەسەر هێڵەکانی هاتوچۆی دەریایی و داوایان کرد هاووڵاتییان لەو ناوچەیە دوور بکەونەوە.

 ئەم رووداوە لە کاتێکدایە ماوەیەکە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و رووداوە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز روویان لە زیادبوون کردووە.