داعش دەیان سەربازی نێجیری کوشت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەرپرسێکی سوپای نێجیریا رایگەیاند، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە ویلایەتی بۆرنۆ لە باکووری رۆژهەڵاتی نێجیریا. لەو هێرشەدا 15 سەرباز و پێنج ئەندامی هێزی ئەرکی هاوبەشی مەدەنی، کە دژی ئەو رێکخراوە کار دەکەن، کوژراون.
ئەو بەرپرسە سەربازییە، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند "هێرشبەرەکان بنکەکەیان بە تەواوی خاپوور کردووە". ئەم دۆخە هێزە ئەمنییەکانی ناچار کردووە بەرەو مۆنگۆنۆ بکشێنەوە، کە 18 کیلۆمەتر دوورە، سەرچاوەکە روونیشیکردەوە، ژمارەیەک سەرباز تا ئێستا بێسەروشوێنن.
ئەحمەد شەریف، دانیشتوویەکی ناوچەکەیە گوتی "بەپێی زانیارییەکان هێرشبەرەکان لە بنکەکەیان لە گۆدۆمبالی لە قەزای گۆزامالای دەستیان بە هێرشەکە کردووە". شەریف دەشڵێت، بنکە سەربازییەکە بە تەواوی وێران بووە.
ویلایەتی بۆرنۆ 17 ساڵە بووەتە گۆڕەپانی ململانێی گرووپەکان، سەرەتا بە سەرکردایەتی بۆکۆ حەرام و پاشان داعش - ویلایەتی رۆژئاوای ئەفریقیا، کە گرووپێکی جیابووەوە و رکابەری بۆکۆ حەرامە، ئەو ململانێیانە بوونەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتی لەو بەشەی باکووری رۆژهەڵاتی نێجیریا.