مەسعود پزیشکیان: ئامانجی واشنتن سەختکردنی ژیانی هاووڵاتیانی ئێرانە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ماوەی 48 ساڵی رابردوودا بەو ئەندازەیەی ئێستا رووبەڕووی گەمارۆ، شەڕ و ئاستەنگی جۆراوجۆر نەبووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان لە وتارێکدا کە لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران پەخش کرا، واشنتنی تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتیی ئێران. پزیشکیان گوتی "حیساباتی دوژمن لەسەر بنەمای ئەوە بووە کۆمەڵگەی ئێران بەهۆی هێرشەکان و کەمیی پێداویستییەکان و کێشە ژینگەیییەکانەوە دەڕووخێت، بەڵام گەل بە بە پێوە مایەوە و پیلانەکانیانی پووچەڵ کردەوە".
سەرۆککۆماری ئێران روونیکردەوە، هەموو هەوڵ و پیلانەکانی لایەنی بەرامبەر لەسەر پەرەپێدانی ناکۆکییە نەژادی و ناوخۆیییەکان چڕ بوونەتەوە بەمەبەستی تێکشکاندنی سازانی نیشتمانی، ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن هەوڵ دەدات سوود لەو کێشانە وەربگرێت بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی.
پزیشکیان جەختیکردەوە، ئەمریکا هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە لەسەر سەختکردنی ژیانی هاووڵاتییان بەمەبەستی دروستکردنی تووڕەییی جەماوەری و هەڵگیرساندنی ئاژاوە. بە گوتەی ئەو، ئامانجی کۆتاییی واشنتن تووشکردنی گەل بە ئاستەنگەکان و دروستکردنی خۆپیشاندانە بۆ ئەوەی بتوانن ئامانجە سیاسییەکانیان بپێکن.
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە، ئەمریکا ماوەیەکە گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران وەک کاردانەوەیەک بۆ داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە. لەو چوارچێوەیەدا، ئێران پەنای بردە بەر گۆڕینی ئاراستەی کەشتییەکان یان دەستبەسەرکردنیان.
تاران چەنین جار ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە بە هەڵگیرساندنی ئاژاوە لەناو کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ لایەنی دەرەکی لە سێدارە دراون.