لە 20 سەنتەردا مانگانە بێبەرامبەر شوشتنی گورچیلە بۆ 14 هەزار نەخۆش دەکرێت
لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ئێستا 20 سەنتەری شوشتنی گورچیلە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا خزمەت بە چارەخوازان دەکەن و مانگانە نزیکەی 14 هەزار پرۆسەی شوشتنی گورچیلەیان تێدا دەکرێت، بەشێک لەو بەخۆشانەی لەم سەنتەرانە چارەسەری تەندروستیان بۆ دەکرێت، خەڵکی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڵاویکردووەتەوە، لە سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە، هەر چارەخوازێک هەفتانە 2 بۆ 3 جار بێبەرامبەر گورچیلەکانی بۆ دەشۆرێت. هاوکات، خزمەتگوزارییەکان تەنیا پڕۆسەی شوشتنەکە ناگرنەوە، بەڵکوو سەرجەم پشکنینەکانی رۆژانە و مانگانە، لەگەڵ دابینکردنی دەرمانی پێویست، بێبەرامبەرێک پێشکەش بە نەخۆشان دەکرێن.
هەروەها ئاماژەی بە سەنتەری شوشتنی گورچیلە لە هەولێر کردووە، کە خاوەنی 36 ئامێری پێشکەوتووە، شەو و رۆژ بێوەستان لە خزمەتی نەخۆشاندایە. ئاستی بەرزی خزمەتگوزارییەکان وای کردووە، نەخۆشانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش ببنە بەشێک لە چارەخوازان و بەردەوام بە مەبەستی وەرگرتنی ئەم چارەسەرە بێبەرامبەرە، روو لە سەنتەرەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راشیگەیاندووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام کارى بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کردووە و ئەمەش رەنگدانەوەى لەسەر چارەسەرە پزیشکییەکانی هاووڵاتییان هەبووە.