کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تەواوکردنی کابینەی زەیدی بە داخراوی بەڕێوەدەچێت
پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی دەنگدان لەسەر کاندیدانی چوار پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان و پەسەندکردنی چەند وەزارەتێکی نوێ لە کابینەکەی زەیدی، کاتژمێر 7ـی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە.
پێنجشەممە،15ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی وەزاریی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و پرۆسەی دەنگدان لەسەر کاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران و وەزارەتە بەتاڵەکان ئەنجام دەدات.
بە پێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 7ـی ئێوارە دەستپێدەکات و بە بڕیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە شێوەیەکی تەواو داخراو بەڕێوە دەچێت و رێگە بە ئامادەبوونی هیچ دەزگایەکی راگەیاندن نادرێت.
ناوی کاندیدانی کابینەی عەلی زەیدی بەپێی پۆست و لایەنەکان:
یەکەم: کاندیدانی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران:
فارس بریفکانی لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس.
لەیس خەزعەلی، لە بزووتنەوەی سادیقوون.
محەممەد تەمیم، لە حزبی تەقەدووم.
دووەم: کاندیدانی پۆستە وەزارییەکان
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: رێباز حەملان، لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ: یاسر سخێل، لە پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: حەیدەر بەها، لە پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.
وەزارەتی بەرگری: نایف شەممەری، لە پشکی هاوپەیمانیی حەسم.
وەزارەتی پلاندانان: قوتەیبە غازی مەجید، لە پشکی هاوپەیمانیی عەزم.
وەزارەتی رۆشنبیری: یاسین عیساوی، لە پشکی هاوپەیمانیی عەزم.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: محەممەد مووسەوی، لە پشکی بزووتنەوەی سادیقوون.
وەزارەتی وەرزش و لاوان: سەفا کینانی، لە پشکی رەوتی حیکمەی بیشتمانی.
وەزارەتی گەشتوگوزار: عەلی دەخیلی لە پشکی فراکسیۆنی مونتەسیروون.
وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کەمینەکان: محەمەد سەمعان، لە پشکی بەرەی تورکمانی.
وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی: محەمەد ساحب دەڕاجی، لە پشکی فراکسیۆنی خەدەمات.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران: روئا عامر سالم.