کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تەواوکردنی کابینەی زەیدی بە داخراوی بەڕێوەدەچێت

پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی دەنگدان لەسەر کاندیدانی چوار پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان و پەسەندکردنی چەند وەزارەتێکی نوێ لە کابینەکەی زەیدی، کاتژمێر 7ـی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە.

پێنجشەممە،15ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی وەزاریی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و پرۆسەی دەنگدان لەسەر کاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران و وەزارەتە بەتاڵەکان ئەنجام دەدات.

بە پێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 7ـی ئێوارە دەستپێدەکات و بە بڕیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە شێوەیەکی تەواو داخراو بەڕێوە دەچێت و رێگە بە ئامادەبوونی هیچ دەزگایەکی راگەیاندن نادرێت. 

کارنامەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە متمانەدان بە چوار جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتالەکان، لەگەڵ پەسەندکردنی هێنانەکایەی چەند وەزارەتێکی تازە لە پێکهاتەی حکوومەتدا.


گرێکوێرەی وەزارەتی کۆچ و وەزارەتە نوێیەکان

سەرەڕای گەیشتن بە سازان لەسەر زۆربەی پۆستەکان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران وەک تاقە خاڵی ناکۆکی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە؛ لە لایەک فراکسیۆنی سۆیانا وەک نوێنەری زۆرینەی کورسییەکانی کریستیان داوای مافی ئەو وەزارەتە دەکات.

هاوکات لە پێکهاتەی نوێی کابینەکەدا، وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی وەک وەزارەتێکی نوێ دامەزرێنراوە و پشکەکەی بۆ فراکسیۆنی خەدەمات یەکلا کراوەتەوە، سەرچاوە سیاسییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهێزترین کاندید بۆ بەڕێوەبردنی ئەم وەزارەتە، محەمەد ساحب دەڕاجییە.


ناوی کاندیدانی کابینەی عەلی زەیدی بەپێی پۆست و لایەنەکان:

یەکەم: کاندیدانی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران:

فارس بریفکانی لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس.

لەیس خەزعەلی، لە بزووتنەوەی سادیقوون.

محەممەد تەمیم، لە حزبی تەقەدووم.

 

دووەم: کاندیدانی پۆستە وەزارییەکان

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: رێباز حەملان، لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان.

وەزارەتی ناوخۆ: یاسر سخێل، لە پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: حەیدەر بەها، لە پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.

وەزارەتی بەرگری: نایف شەممەری، لە پشکی هاوپەیمانیی حەسم.

وەزارەتی پلاندانان: محەمەد نوعەیمی، لە پشکی هاوپەیمانیی عەزم.

وەزارەتی رۆشنبیری: یاسین عیساوی، لە پشکی هاوپەیمانیی عەزم.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: محەممەد مووسەوی،  لە پشکی بزووتنەوەی سادیقوون.

وەزارەتی وەرزش و لاوان: سەفا کینانی، لە پشکی رەوتی حیکمەی بیشتمانی.

وەزارەتی گەشتوگوزار: عەلی دەخیلی  لە پشکی فراکسیۆنی مونتەسیروون.

وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کەمینەکان: محەمەد سەمعان،  لە پشکی بەرەی تورکمانی.