دوو تۆڕی منداڵفرۆشی لە عێراق دەستگیرکران
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەڵوەشاندنەوەی دوو تۆڕی 9 کەسی بە تاوانی بازرگانی بە مرۆڤ لە هەردوو پارێزگای بەغدا و زیقار راگەیاند، کاریان فرۆشتنی منداڵان بووە و لەنێویاندا مامان رێگەپێداویش هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیمەنی دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕێکی بازرگانی بە مرۆڤی لە زیقار بڵاوکردووەتەوە، تیایدا پیاوێک و دوو ئافرەت لە کاتی فرۆشتنی منداڵێک ساوا و وەرگرتنی پارە قۆڵبەست دەکرێن.
لە راگەیەندراوی دەزگاکەدا هاتووە، پاڵپشت بە زانیاریی وردی هەواڵگریی و چاودێریی چڕی گرووپەکان لە لایەن مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی توانرا لە دوو ئۆپەراسیۆنی تایبەت و جیاوازدا لە بەغدا و زیقار ئەندامانی هەردوو تۆڕەکە دەستگیر بکرێن و شکست بە مامەڵەی فرۆشتنی منداڵێکی ساوا بهێنرێت.
هەروەها رایگەیاندووە، لە ئۆپەراسیۆنەی زیقاردا دوای دانانی بۆسەیەک، توانرا چوار تۆمەتبار لە کاتی فرۆشتنی منداڵێکی ساوای تەمەن یەک رۆژە دەستگیر بکرێن، لە ئۆپەراسیۆنی دووەمدا لە بەغدا تۆڕێکی پێنج کەسی دیکە دەستگیرکران، لەنێویاندا مامانی رێگەپێدراویش هەن.
لە بارەی چارەنووسی دەستگیرکراوەکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، رێکارە یاساییەکان دەستیانپێکردووە و بە بەڵگەوە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.