سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رێکارەکانی تەواوکردنی کابینەی زەیدی تاوتوێ دەکات

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دواهەمین ئامادەکارییەکان و رێکخستنی کارنامەی کۆبوونەوەی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت، دیدارێکیان ئەنجام دا.

ئیوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، دیدارێکی ئەنجام دا، پێش بەستنی کۆبوونەوەی تایبەت بە دەنگدان لەسەر کاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە بەتاڵەکان و ئەو وەزارەتە نوێیانەی کە تازە هێنراونەتە کایەوە.

ئەم دیدارەی دەستەی سەرۆکایەتی، وەک دوا هەنگاوی هەماهەنگی و رێکخستن دادەنرێت بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوە گشتییەکەی پەرلەمان، بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی ناوەکان و مسۆگەرکردنی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران بۆ تێپەڕاندنی تەواوکاریی کابینەکەی عەلی زەیدی.

بڕیارە کاتژمێر 7ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی وەزاریی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبێتەوە و پرۆسەی دەنگدان لەسەر کاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران و وەزارەتە بەتاڵەکان ئەنجام بدات

هەروەها بە بڕیاری دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی تەواو داخراو بەڕێوە دەچێت و رێگە بە ئامادەبوونی هیچ دەزگایەکی راگەیاندن نادرێت. 

 

ناوی کاندیدانی کابینەی عەلی زەیدی بەپێی پۆست و لایەنەکان:

یەکەم: کاندیدانی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران:

فارس بریفکانی لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس.

لەیس خەزعەلی، لە بزووتنەوەی سادیقوون.

محەممەد تەمیم، لە حزبی تەقەدووم.

 

دووەم: کاندیدانی پۆستە وەزارییەکان

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: رێباز حەملان، لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان.

وەزارەتی ناوخۆ: یاسر سخێل، لە پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: حەیدەر بەها، لە پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.

وەزارەتی بەرگری: نایف شەممەری، لە پشکی هاوپەیمانیی حەسم.

وەزارەتی پلاندانان: قوتەیبە غازی مەجید، لە پشکی هاوپەیمانیی عەزم.

وەزارەتی رۆشنبیری: یاسین عیساوی، لە پشکی هاوپەیمانیی عەزم.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: محەممەد مووسەوی،  لە پشکی بزووتنەوەی سادیقوون.

وەزارەتی وەرزش و لاوان: سەفا کینانی، لە پشکی رەوتی حیکمەی بیشتمانی.

وەزارەتی گەشتوگوزار: عەلی دەخیلی  لە پشکی فراکسیۆنی مونتەسیروون.

وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کەمینەکان: محەمەد سەمعان،  لە پشکی بەرەی تورکمانی.

وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی: محەمەد ساحب دەڕاجی، لە پشکی فراکسیۆنی خەدەمات.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران: روئا عامر سالم.