فەرماندەیەکی کورد دەبێتە سەرۆکی ئەکادیمیای سەربازیی عێراق
لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە واژۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیوا نەزیر عاسم ئاغا گۆران بە سەرۆکی ئەکادیمیای سەربازیی عێراق دەستبەکار دەبێت. لە مێژووی عێراقدا یەکەمجارە ئەم پۆست و ئەرکە بە کوردێک بدرێت و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بە فەرمی لەم پۆستەدا دەست بەکار بێت.
لیوا نەزیر عاسم بەمبۆنەوە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "سوپاس و پێزانینی قووڵم ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی دەکەم بۆ ئەم متمانە گەورەیەی بە بەندە و لە بەرامبەر هەموو ئەو پشتیوانییە گەورەیەی لە ماوەی رابردوودا و بە تایبەت لە کۆلێژی سەربازی زاخۆ بۆ ئێمەی دەکرد".
لیوا نەزیر لە پەیامەکەیدا، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە بەرامبەر پشتیوانی و هاوکاری بەردەومیان.
هەروەها بەڵێن دەدات لەم پۆستە نوێیەیدا، بە هەموو توانایەک کار بکات و هەوڵ بدات پرۆسەی پەروەردەی سەربازی لە عێراق بگەینێتە باشترین ئاست.
دەڵێت "ئامانجی سەرەکیم ئەوە دەبێت، ئاستی کۆلێژە سەربازییەکان بۆ بەرزترین ئاست بەرزبکەمەوە، تاوەکوو لە رووی زانستی و سەربازییەوە هاوشانی ئەکادیمیا پێشکەوتووەکانی جیهان بن و جێگەی شانازی هەمووان ببن".
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە 17ـی ئەم مانگە لە چوارچێوەی رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە فەرمی لە ئەرکە نوێیەکەیدا کە سەرۆکی ئەکادیمیای سەربازیی عێراقە، دەست بەکار بێت.