دانا تەقیەدین وردەکاریی ئازادکردنی مەرجداری ژمارەیەک لە سزادراوان ئاشکرا دەکات
ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، لە ڕوونکردنەوەیەکی تایبەتدا سەبارەت بە دۆسیەی ژمارەیەک لە سزادراوانی لالەزار رایگەیان:د کە هەریەک لە: ئاراس، رەمەزان و سەربەست بەهۆی نەبوونی هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەمیاندا، لە رۆژی یەکشەممەوە رێکارەکانی ئازادکردنی مەرجداریان (ئیفراج شەرتی) بۆ جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا رێبوار حامید حاجی غالب بەهۆی هەبوونی پەڕاوی دیکەی یاسایی و تۆمەتباربوونی بە پێی ماددەی 406، لەو بڕیارە سوودمەند نابێت.
پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، لە لێدوانێکدا تایبەت بە کوردستان24، تیشکی خستە سەر دواهەمین پێشهاتە یاساییەکانی تایبەت بە دۆسیەی ژمارەیەک لە سزادراوانی لالەزار و گوتی: هەر یەک لە ئاراس ، رەمەزان و سەربەست کە بە ماوەی ساڵێک و شەش مانگ زیندانیکردن حوکم دراون، ڕێکارەکانی ئازادکردنی مەرجدار (ئیفراج شەرتی) دەیانگرێتەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کە دادوەر لە بڕیارەکەیدا لایەنی سۆز و بەزەیی (رەئفەت)ی بۆ ئەو کەسانە ڕەچاو کردووە و لەبەر ئەوەی لە هیچ دۆسیەیەکی دیکەدا داواکراو نین و هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەمیاندا نییە، دەتوانرێت تەواوی ئاسانکارییە یاساییەکانیان بۆ بکرێت؛ لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە لە ڕۆژی یەکشەممەوە داواکاریی فەرمی پێشکەش بە دادگای پەیوەندیدار بکرێت بۆ ئەوەی بە فەرمی بڕیاری ئازادکردنی مەرجداریان بۆ دەربچێت.
سەبارەت بە ماددەی 406 لە یاسای سزادان، دانا تەقیەدین روونی کردەوە، کە ئەو سێ سزادراوە ناویان لەو ماددەیەدا نییە و هیچ پەڕاوێکی تاوانکاریی لەو جۆرەیان لەسەر تۆمار نەکراوە، بۆیە ئازادکردنەکەیان هیچ ئاستەنگێکی لەبەردەمدا نادۆزرێتەوە.
لە بەرامبەردا و لەبارەی چارەنووسی رێبوار حامید حاجی غالب، دانا تەقیەدین ئاشکرای کرد، سەرەڕای ئەوەی رەنگە لە رووی دەقی گشتیی یاساکەوە بڕیارەکە ئەویش بگرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەربەستی یاسایی لەبەردەمیدایە و لە شوێنێکی دیکە داواکراوە و دۆسیەکەی پەیوەستە بە ماددەی 406ـی سزادان، لەبەر ئەو هۆکارە ناتوانێت لە ئازادکردنی مەرجدار سوودمەند بێت و ئازاد ناکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە دادگاى تاوانەکانى دووى سلێمانى، پڕۆسەی دادبینی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "بەرەی گەل" و ژمارەیەک لە گیراوانی دیکەی رووداوەکەی هۆتێل لالەزار بەڕێوەچوو.
هەروەها دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ هەر یەکە لە لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی، رێبوار حامید حاجی غالب، رێبوار قودرەت، پێشەوا حەسەن، رێنوار زریان و ئاراس حەمە عەلى سەربەست مینا دەرکرد.
بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
لە ئەنجامدا لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران. لەوکاتەوە لاهوور شێخ جەنگی و بەشێک لە راگیراوەکانی دیکە لە زیندان ماونەتەوە.