فراکسیۆنە ناڕازییەکان: هێنانەکایەی وەزارەتی نوێ بەفیڕۆدانی سامانی گشتییە

چەند فراکسیۆنێک دژی زیادکردنی وەزارەتەکان هەڵوێست وەردەگرن

چەند فراکسیۆنێکی پەرلەمانی عێراق، لە کاردانەوەیاندا بەرامبەر بە هەوڵەکان بۆ هێنانەکایەی چەند وەزارەت و پۆستێکی نوێ لە پێکهاتەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا، بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن و دروستکردنی ئەو پۆستانەیان وەک پشکپشکێنەی حزبی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە قەڵەم دا.

پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق، بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی تایبەت بە دەنگدان لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکوومەتیان راگەیاند، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دروستکردنی چەندین وەزارەت و پۆستی نوێی وەزاری.

فراکسیۆنە ناڕازییەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: بە هەموو شێوەیەک هێنانەکایەی ئەو وەزارەتە نوێیانە رەت دەکەینەوە، چونکە پێمان وایە دروستکردنی ئەم پۆستە نوێیە حکوومییانە تەنیا بۆ رازیکردنی لایەنەکان و چەسپاندنی پشکپشکێنەی حزبییە. ئەم رێبازەش دوورکەوتنەوەیە لە کارە لە پێشینەکان و لە هەمان کاتدا سەپاندنی هەژموونی سیاسییە؛ لە کاتێکدا پێویستە هەمووان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەین، خەرجییەکان کەم بکەینەوە و پارێزگاری لە دارایی گشتی بکەین.

هاوکات داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەن و دەڵێن: ئەوە لەبەرچاو بگرن کە دارایی و سامانی گشتیی وڵات هی دابەشکردن و بەشینەوە نییە بۆ سەر لایەنەکان، بەڵکو ماف و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لە ئەستۆی هەمووان.

لە درێژەی قسەکانیاندا دووپاتیان کردەوە، کە وەک پابەندبوونێک بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمانەوە، دەنگ لەسەر هێنانەکایەی ئەو پۆستە نوێیانە نادەن، هاوکات داوا لە تەواوی پەرلەمانتاران دەکەن هەڵوێستێکی مێژوویی بنوێنن و رێگە نەدەن لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی گەل ئەو پۆستانە تێپەڕێنرێن.

فراکسیۆنە بایکۆتکارەکان جەختیان لەوە کردەوە، کە زیادکردنی ئەو پۆستانە بە تەواوی پێچەوانەی کارنامەی حکوومەتە سەبارەت بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان. هاوکات هۆشدارییان دا، کە ئەم هەنگاوە کارێکی مەترسیدارە، بەفیڕۆدانی ئاشکرای ماڵی گشتییە و لێکەوتەی زۆر خراپی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئیدارەی دەوڵەت دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیار بوو کاتژمێر 7ـی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی تەواوکردنی کابینەکەی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کۆبێتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان بەشێک لە لایەنەکان لەسەر پۆستەکان، ماوەی دوو کاتژمێرە تا ئێستا کۆبوونەوەکە دەستیپێنەکردووە.