ئەمریکا سزای بەسەر بانکێکی عێراقی و چەند تۆڕێکی دارایی ئێراندا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر بانکێکی عێراقی، دوو بانکی ئۆفشۆری ئێرانی، بانکێکی کوبایی و تۆڕێکی ئاڵۆزی بانکی سێبەردا سەپاند، بە سپیکردنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار و شکاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سوودی سوپای پاسداران تۆمەتبار کراون.

 پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، سزای بەسەر بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنان و دارایی (IDB) لە عێراق سەپاندووە. هۆکاری ئەم بڕیارەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بانکەکە ئاسانکاریی دارایی و دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی بۆ حکوومەتی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران لە ناوخۆی عێراقدا دابین کردووە.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی وەزارەتەکە، بانکی (IDB) خراپەکاریی لە بەشداریکردنی لە مەزادی پێشووی دراوی بیانی کردووە و دوای داخرانی لقی "بانک میللی"ی ئێران لە عێراق بەهۆی سزاکانەوە، سەرمایەکەی بۆ ئەم بانکە گواستراوەتەوە و مانگانە قازانجی بازرگانییەکەی بە دۆلار بۆ ئێران رەوانە کردووە، هاوکات سەرکردایەتیی ئێستای بانکەکە لە ژێر کاریگەریی بازرگانێکی دووڕەگەزنامەیی عێراقی-ئێرانیی سەر بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداراندایە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی سەپاندنی ئەم سزایانەوە رایگەیاند: "پەتەکە لە ملی ئابووریی وڵاتەکە توند دەکرێتەوە و تەنانەت ئەوانەشی پێیان دەگوترێت هاوپەیمانەکانی ناتوانن رزگاری بکەن. وەزارەتی گەنجینە کۆڵ نادات تاوەکوو خەزێنەی رژێمی ئێران بە تەواوی بەتاڵ نەبێت و سەرجەم ئەو شادەمارە داراییانەی پاڵپشتی لە ماشێنی جەنگەکەی دەکەن نەپچڕێنرێن."

بە ئامانجگرتنی بانکە دەرەکییەکان و کەرتی نەوت

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، سزاکان هەردوو بانکی (ئۆفشۆر)ی "بانکی نێودەوڵەتیی جەزیرە سەر بە بانکی میللەت و بانکی نێودەوڵەتیی چابەهار سەر بە بانکی شاری گرتەوە کە لە ناوچە ئازادە بازرگانییەکاندا بۆ دەربازبوون لە سزاکان دروست کراون. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش سزای بەسەر بانکی نێودەوڵەتیی بازرگانیی کوبادا (BICSA) سەپاند بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە بانکی کارئافەرینی ئێرانی.

لە کەرتی نەوتیشدا، وەزارەتی گەنجینە سزای خستە سەر سەید رووحوڵڵا رەزەوی، کە بازرگانێکی دیاری نەوتە و لە دوبەی نیشتەجێیە، تۆمەتبارە بە بەڕێوەبردنی هەناردەکردنی نایاسایی ملیۆنان بەرمیل نەوتی ئێران لە رێگەی کۆمپانیا سێبەرەکانەوە لە هۆنگ کۆنگ، ئیمارات و تورکیا، و گۆڕینەوەی داهاتەکەی بۆ زێڕ و کاش و گواستنەوەی لە رێگەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی "ماهان ئێر"ەوە بۆ تاران و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە.

تۆڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و سزای لاوەکی

هەروەها سزا نوێییەکان، حەوت فەرمانبەری کۆمپانیای "فەراب سرووشی قشم" (سەر بە بانکی شار)، کۆمپانیای ئیلیتسفیەری هۆنگ کۆنگی، و پێنج نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لەوانە نووسینگەکانی "حوسەینی پارسا"، "نەجەفزادە"، "جەلالی" و "باوی" لەخۆگرت بەهۆی سپیکردنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ دەزگا سەربازی و حکوومییەکانی تاران.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختیکردەوە، سەرجەم دارایی و موڵک و ماڵی ئەو کەس و قەوارانەی سزادراون لە ناوخۆی ئەمریکا یان لەژێر دەسەڵاتی کەسانی ئەمریکیدا سڕ دەکرێن، هاوکات هۆشداری دا، هەر دامەزراوەیەکی دارایی بیانی لە سەرانسەری جیهاندا مامەڵەی گەورە لەگەڵ ئەم کەس و تۆڕانەدا بکات، رووبەڕووی سزای توندی لاوەکی دەبێتەوە و دەستڕاگەیشتنی بە سیستەمی بانکیی ئەمریکا و دۆلار لێ قەدەغە دەکرێت.