کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ کاتێکی دیکە دواخرا

پەرلەمانی عێراق ئەمشەو هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەی بەرەو تەواوکردنی کابینەی حکوومەت هاوێشت و توانی متمانەی یاسایی بە 14 پۆستی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردن ببەخشێت، بەڵام یەکلایینەکردنەوەی دوو پۆستی دیکە، کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی بۆ کاتێکی دیکە دواخست.

بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، کاتژمێر 7:00 پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی متمانەدان بە کاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران و پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵ و تازە دروستکراوەکان کۆببێتەوە؛ بەڵام بەهۆی چڕبوونەوەی ناکۆکیی نێوان ژمارەیەک لە فراکسیۆنە سیاسییەکان لەسەر دابەشکاریی پۆستەکان، دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆی دواکەوت.

بەڵام کاتژمێر 8:50ـی ئەمشەو کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی 261 پەرلەمانتار دەستیپێکرد و نیسابی یاسایی تەواو کرا. لە میانەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکەدا، پەرلەمان متمانەی یاسایی بەخشییە 11 کاندیدی پۆستە وەزارییەکان و سێ کاندیدی جێگری سەرۆکی ئەنجەومەنی وەزیران، بەمەش زۆرینەی پێکهاتەی کابینەی وەزاری یەکلایی کرایەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵبژاردن و دەنگدان لەسەر کاندیدکردنی د. فارس بریفکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، شانبەشانی کاندیدکردنی روئا عامر سالم بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری کۆچ و کۆچبەران یەکلایی نەکراوە؛ پەرلەمان بڕیاری دا پرۆسەی دەنگدان لەسەر ئەو دوو پۆستە بۆ کاتێکی دیکە دوابخات.

ئەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، وەک هەنگاوێکی گرنگ لە پێناو بەهێزکردنی هەیکەلی کارگێڕیی دەوڵەت و کەمکردنەوەی بۆشایی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا هەژمار دەکرێت، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا ئەو دوو پۆستە ماوەیەش بە سازانی سیاسی یەکلایی بکرێنەوە.

 

جێگرانی هەڵبژێردراوی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی

موحسین مەندەلاوی

لەیس خەزعەلی

محەمەد تەمیم

 

وەزیرە هەڵبژێدراوەکانی کابینەی زەیدی

رێباز حەملان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

نایف شەممەری، وەزیری بەرگری.

یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆ

قوتەیبە غازی مەجید، وەزیری پلاندانان.

یاسین عیساوی، وەزیری رۆشنبیری.

محەمەد مووسەوی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.

سەفا کینانی، بە وەزیری وەرزش و لاوان هەڵبژێردرا.

عەلی دەخیلی، بە وەزیری گەشتوگوزار هەڵبژێردرا.

محەمەد سەمعان، بە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان هەڵبژێردرا.

محەمەد ساحب دەڕاجی، بە وەزیری ئابووری و دیجیتاڵی هەڵبژێردرا.

حەیدەر بەها، بە وەزیری خوێندنی باڵا هەڵبژێدرا.