عەلی زەیدی: لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت و داخوازییەکانی هاووڵاتییان بەردەوام دەبین

دوای متمانەوەرگرتنی وەزیرە نوێیەکان لەلایەن پەرلەمانتاران و تەواوبوونی کابینەی حکوومەت، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: دوای تێپەڕبوونی 5 مانگ لە پێکهێنانی کابینەی حکوومەت، پێکهاتەی وەزاریی تەواو بوون و سەرجەم وەزارەتە بەتاڵەکان پڕکرانەوە. لەمەودوا هەنگاوی خێرا دەستپێدەکەین و بەڵێن بە گەلی عێراق دەدەین لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت و داخوازییەکانی هاووڵاتییان بەردەوام دەبین.

زەیدی دەڵێت: حکوومەتەکەمان لە مانگەکانی رابردوودا، بە پشوودرێژی و سووربوونەوە لەژێر بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزی ناوخۆیی و دەرەکیدا کاری کردووە. جەنگی ناوچەکە جیا لە ئاستەنگە ئەمنییەکان، هێشتا ئاستەنگ بۆ ئابووریی عێراق دروست دەکات، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی و هۆشیاری هەیە.

دەشڵێت: سەرەڕای ئەم بارودۆخانە، بە متمانە بەخۆبووەنەوە لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت بەردەوامبووین، کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کراوە. بە ورەیەکی پۆڵایین کارمان کردووە بۆ چارەکردنی دۆسیە زۆر ئاڵۆزەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەروەها هەنگاوی مێژووییمان بۆ بەهێزکردنی سەروەریی وڵات و سەربەخۆیی بڕیارەکانمان ناوە، تا گەیشتووین بە کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقدا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە تەواوبوونی پێکهاتەی وەزاری و دیاریکردنی جێگرانی سەرۆکوەزیران، پشتیوانییە بۆ توانای حکوومەت لە بەڕێوەبردنی دۆسیە نیشتمانییەکان و هاندەرێکە بۆ هەماهەنگی هەوڵەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکان و ئەو بەرنامانەی گەلی عێراق چاوەڕێی دەکات.

گوتیشی: درک بەوە دەکەین کە دۆسیەی گەورە و ئاڵۆزمان لەبەردەمدایە، دیدگای گەلی عێراقیش دەخوازیمان لێدەکات تا هەوڵەکانمان دوو هێندە بکەین و پلانی بڕیارەکان بۆ ئەنجامی بەرجەستە بگۆڕین کە هاووڵاتی لە ژیانی رۆژانەیاندا هەستی پێ بکەن.

هەروەها داوای جێگرەکانی و وەزیرەکان کرد، بەوپەڕی پابەندی و لێهاتوویی و دەستپاکییەوە بەرپرسیارێتییەکانیان جێبەجێ بکەن و تواناکانیان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان بخەنەکار و بە گیانێکی یەک تیمی بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکان و جێبەجێکردنی کاری لە پێشینەی حکوومەت کار بکەن.

لە 14ـی ئایاری ئەمساڵدا، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 266 پەرلەمانتار کۆبووەوە و متمانەی بە عەلی زەیدی وەکسەرۆکوەزیران و 14 وەزیری کابینەکەی دا، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پۆست و بەرکەوتە وەزارییەکان، دەنگدان لەسەر 9 کاندیدی وەزاری بۆ دوای پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانان دواخرا. دوای پێنج مانگ، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەم، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەیزان، عەلی زەیدی پەرلەمانی عێراق و 261 پەرلەمانتار متمانە بە 11 وەزیر درا، کە دوو وەزارەتی نوێ زیادکران و دەنگیان پێدرا، کە هەر یەک لە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان و وەزیری ئابووری دیجیتەڵی بوون، بەڵام متمانە بە کاندیدی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران نەدرا، بەهۆی ئەوەی داوا کرا، کاندیدی ئەم پۆستە وەزارییە دەبێت سەربەخۆ بێت نەک هیچ لایەنێکی سیاسیی.

هەر لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان، چوار کاندیدەکەی جێگری سەرۆکوەزیران، سێ لە کاندیدەکان متمانەیان پێدرا و تەنیا کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، فارس بریفکانی مایەوە دەنگی پێ بدرێت.