لایەنەکان پێشوازی لە تەواوکردنی کابینەی حکوومەت دەکەن

سەرکردەی هێزە سیاسییەکانی عێراق، پێشوازییان لە دەنگدانی پەرلەمانی عێراق لەسەر جێگرانی سەرۆکوەزیران و تەواوکردنی کابینەی حکوومەت کرد.

هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی، تەواوکردنی پێکهێنانی حکوومەت و وەرگرتنی متمانەی جێگرانی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان لەلایەن پەرلەمانی عێراق پیرۆز دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانیان و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی عێراق.

چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت دەکاتەوە کە تەواوکردنی کابینەی حکوومەت هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و چالاککردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت بەپێی ئەو لەپێشینانەی کە پەیوەستن بە پێداویستی و خواستەکانی هاووڵاتییانەوە.

هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی دەستخۆشی لە هەوڵی هێزە سیاسییەکان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە دەستوورییە و ئەو هاوکاری و تێگەیشتنەی نیشانیان داوە کە بووە هۆی تەواوبوونی پێکهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

عەممار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە: "دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی کابینەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران پیرۆز دەکەم و پیرۆزبایی لە جێگرانی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان دەکەم بە بۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانەوە." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "هیواخوازین ئەم هەنگاوە دەستپێکێکی ڕاستەقینە بێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت بە جیددییەتەوە."

هەروەها ڕایگەیاند: "قۆناخی داهاتوو پێویستی بە کاری مەیدانیی بەرپرسانە، دیدگایەکی ڕوونی گەشەپێدان و ئاستێکی خزمەتگوزاری هەیە کە دەست لە پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بدات و دادپەروەری لە دابەشکردنی دەرفەت و سامانەکاندا بەدیبهێنێت، بەتایبەت بۆ چینە هەژارەکان و ئەوانەی داهاتیان سنووردارە."

لە لایەکی دیکەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی بنیاتنان و گەشەپێدان لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "تەواوکردنی کابینەی وەزاریی حکوومەتی زەیدی پیرۆز دەکەین، ئەم هەنگاوە بە وێستگەیەکی گرنگ دەبینین لە تەواوکردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان و پتەوکردنی سەقامگیری سیاسی و دامەزراوەیی."

سوودانی جەختیکردەوە لەسەر گرنگی یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان و تەواوکاریی کاری نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکە، بە جۆرێک کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی گەلی عێراق لە چاکسازی، گەشەپێدان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان مسۆگەر بکات.

سەبارەت بە هەمان بابەت، خالید عوبەیدی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "تەواوکردنی پێکهێنانی کابینەی وەزاری، لەوانەش وەزارەتە تازە دامەزراوەکان و جێگرانی سەرۆکوەزیران پیرۆز دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم ئەندامەکانی دەخوازین لە بەجێگەیاندنی ئەرکە نیشتمانییەکانیاندا."

کاتژمێر 8:50ـی شەوی پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 261 پەرلەمانتار، بە مەبەستی دەنگدان لەسەر تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی وەزاریی حکوومەت، کۆبووەوە.

لە میانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکەدا، پەرلەمانی عێراق متمانەی بەخشییە 11 کاندیدی پۆستە وەزارییەکان و سێ جێگری سەرۆکوەزیران، بەمەش وەزارتە بەتاڵە و تازە پێکهێنراوەکان یەکلایی کرانەوە.

سەرەڕای تێپەڕاندنی زۆربەی ناوەکان، پەرلەمان دەنگدانی لەسەر کاندیدکردنی فارس بریفکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و ڕوئا عامر سالم بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری کۆچ و کۆچبەران بۆ کاتێکی دیکە دواخست.

 

متمانەدان بە جێگرانی سەرۆکوەزیران

موحسین مەندەلاوی

لەیس خەزعەلی

محەمەد تەمیم

 

رێباز حەملان، بە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن هەڵبژێردرا.

نایف شەممەری، بە وەزیری بەرگری هەڵبژێردرا.

یاسر مالیکی، بە وەزیری ناوخۆ هەڵبژێردرا.

قوتەیبە غازی مەجید، بە وەزیری پلاندانان هەڵبژێردرا.

یاسین عیساوی، بە وەزیری رۆشنبیری هەڵبژێردرا.

محەمەد مووسەوی، بە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەڵبژێردرا.

سەفا کینانی، بە وەزیری وەرزش و لاوان هەڵبژێردرا.

عەلی دەخیلی، بە وەزیری گەشتوگوزار هەڵبژێردرا.

محەمەد سەمعان، بە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان هەڵبژێردرا.

محەمەد ساحب دەڕاجی، بە وەزیری ئابووری و دیجیتاڵی هەڵبژێردرا.

حەیدەر بەها، بە وەزیری خوێندنی باڵا هەڵبژێدرا.

حەیدەر بەها، بە وەزیری خوێندنی باڵا هەڵبژێدرا.

 

لە 14ی ئایاری ئەمساڵدا، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 266 پەرلەمانتار کۆبووەوە و متمانەی بە عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیران و 14 وەزیری کابینەکەی دا، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پۆست و بەرکەوتە وەزارییەکان، دەنگدان لەسەر 9 کاندیدی وەزاری بۆ دوای پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانان دواخرا. دوای پێنج مانگ، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 15ی تشرینی یەکەم، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەیزان، عەلی زەیدی پەرلەمانی عێراق و 261 پەرلەمانتار متمانە بە 11 وەزیر درا، کە دوو وەزارەتی نوێ زیادکران و دەنگیان پێدرا