ترەمپ: بەئامانجگرتنی سەرکردە ئێرانییەکان پرۆسەی دانووستانی قورس کردووە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێران بەدوور دەزانێت و بیرۆکەی ناردنی هێزیی سەربازی و هێرشی زەمینی بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە رەت دەکاتەوە. ئاشکراشی کرد، لە دوای کوشتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران، ئێستا نازانێت دانوستان لەگەڵ کێدا بکەن.هاوکات لەگەڵ سەپاندنی سزای نوێی ئابووری بەسەر چەندین کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانی و بیانی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بانگەشەکانی سوپای پاسداران دەربارەی گەرووی هورمز بەتەواوی بەبێ مانا دەزانێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیوز ماکس راگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا ئێستا سەرنجی لەسەر رێگەی دیکەیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران، بەدوور لە ئاڵۆزبوونی سەربازیی گشتگیر.
ترەمپ ئاشکرای کرد کەناڵی پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ رووسیا و چین هەیە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە ئاستی جیهاندا. ئەم جووڵە دیپلۆماسییانەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتندایە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە ئەتۆمییەکان و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان لە سایەی قەیرانە هەڵکشاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لەبارەی دەریاوانییەوە، سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا هەیە. پێشبینیکرد رووبەڕووبوونەوەکە لەگەڵ تاران لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بە کۆتا بێت، ئاماژەی بەوەش کرد ئەوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بازاڕە جیهانییەکاندا دەبێت و دەبێتە مایەی دابەزینێکی کاریگەر لە نرخەکانی سووتەمەنیدا.
ترەمپ دانی بە بوونی ئاستەنگی لۆجیستی و سیاسی لە پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ لایەنی ئێرانی نا و راگەیاند، بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی پلە یەک و پلە دووەکانی کۆماری ئیسلامی، هەوڵەکانی دیاریکردنی ئەو کەسایەتییانەی کە دەکرێت دانوستانیان لەگەڵدا بکرێت، قورس کردووە. ترەمپ دۆخی ئێستای بە ئاڵۆز وەسف کرد بەهۆی نەمانی ئەو سەرکردانەی پێشتر ئێرانیان بەڕێوە دەبرد و گوتی: "رەنگە زیاتر لەوەی پێویست بوو دوور رۆشتبم لە بە ئامانجگرتنی سەرکردە ئێرانییەکان... ئیدی نازانم لەگەڵ کێدا مامەڵە دەکەم."