ئەمریکا.. بە دەسڕێژی گوللە 3 قوتابی و مامۆستایەک کوژران
بەگوێرەی راگەیەندراوی پۆلیسی ئەمریکا، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری کە لەلایەن مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵەوە بۆ سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە ولايەتی ئۆریگۆن، سێ منداڵ و مامۆستایەک کوژران، هەروەها خودی هێرشبەرەکەش بە تەقەی کەسێکی تێپەڕبوو کوژرا.
مایک کرانتز، بەڕێوەبەری پۆلیسی بند، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، یەکەم کەس پەیوەندیی بە هێزە ئەمنییەکانەوە کردووە و ئاماژەی بەوە داوە چەندین جار لەلایەن کەسێکەوە تەقەی لێ کراوە کە چەکی درێژی پێ بووە. هەروەها روونیشی کردەوە، پۆلیس لە کاتژمێر 13:02ـی پاشنیوەڕۆ گەیشتووەتە قوتابخانەکە و توانیویانە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.
بە گوتەی پۆلیس، ئەو منداڵانەی لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان 5 ساڵ، 8 ساڵ و 11 ساڵ بووە، لە پاڵ ئەوەشدا کوژرانی مامۆستایەک پشتڕاست کرایەوە. هێرشبەرەکە خۆیشی دانیشتووی هەمان شار بووە و لەلایەن هاووڵاتییەکی چەکدارەوە لەناو باڵەخانەکەدا پێکراوە و گیانی لەدەست داوە.
لە قوتابخانەکەدا نێوان 400 بۆ 450 منداڵ دەخوێنن و زیاتر لە 40 فەرمانبەر کاری تێدا دەکەن. دوای داخستنی ناوچەکە بە شێوەیەکی خۆپارێزی، هێزە ئەمنییەکان دەستیان کرد بە گواستنەوەی قوتابییەکان بە پاس بۆ شوێنێکی پارێزراو تاوەکو لەگەڵ خێزانەکانیان یەکبگرنەوە.
ستێڤ کۆک، سەرپەرشتیاری ناوچەی پەروەردەیی، رووداوەکەی بە "کارەسات" وەسف کرد و گوتی: "دڵمان شکاوە. ئێمە تووشی شۆک بووین. ئەم جۆرە رووداوانە تەنیا لە شوێنەکانی دیکە دەبیستین و هەمیشە هەوڵ دەدەین هەرگیز لێرە نەقەومێت."
ئەم رووداوە جارێکی دیکە دۆسیەی توندوتیژیی چەکداری و ئاسانکاریی دەستکەوتنی چەکی لە ئەمریکا خستە بەرباس. لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان شایەتی زیاتر لە 360 رووداوی تەقەکردنی بەکۆمەڵ بووە. رێکخراوەکانی بەرگری لە سەلامەتی داوای تووندکردنەوەی رێکارەکانی کۆنتڕۆڵکردنی چەک دەکەن، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر ئەم پرسە هێشتا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.