ترەمپ: مامەڵە لەگەڵ پووتین خۆشترە نەک زێلێنسکی

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، هیچ خۆشەویستی بۆ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا نییە و پێی وایە دیالۆگ لەگەڵی زۆر لە پووتین سەختترە. هاوکات ترەمپ نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا دەربڕی و جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (نیوزماکس) ئاشکرای کرد: "زێلێنسکی کەسێکی باش نییە بۆ مامەڵەکردن و نایەوێت بگاتە چارەسەرێک، بەڵکو تەنیا بانگەشەی بۆ دەکات". سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندیشی لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا گرت و گوتی: "کاتێک پاڵاوگەکانی دیزل بۆردومان دەکەیت کە جیهان و ئێمەش پێویستمان پێیەتی، ئەوا هیچ خزمەتێک بە ئابووریی جیهان ناکەیت و تەنیا نرخی نەوت لە جیهاندا بەرز دەکەیتەوە".

لەبارەی کۆتاییهاتنی جەنگیشەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، دەبێت ئەم جەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی پێبێت، بەڵام دانی بەوەدا نا کە ئەوەی ئەنجامی رێککەوتنی نێوان زێلێنسکی و پووتین زۆر قورس کردووە رق و کینەی نێوانیانە.

لە پرسێکی دیکەی ناوخۆی ئۆکرانیاوە، ترەمپ پرسیاری لەسەر شەرعییەت و پشتیوانیی جەماوەریی زێلێنسکی کرد و بە ئاشکرا داوای کرد هەڵبژاردنی نوێ لە ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت، بەو پێیەی پێی وایە هاووڵاتییانی ئۆکرانیا لەو دۆخە نەخوازراوە و بۆردومانی باڵەخانەکانیان رازی نیین. ترەمپ هەروەها رەخنەی لە دۆسیەی هاوکارییە سەربازییەکانی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای بۆ ئۆکرانیا گرت و رایگەیاند، ئیدارەکەی خەریکە یەدەگی چەکی ئەمریکی نوێ دەکاتەوە و لە داهاتوودا رێگە بە هاوپەیمانەکانی دەدات چەک لە ئەمریکا بکڕن.

لە تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد، واشنتن لە گفتوگۆ و دانوستاندایە لەگەڵ هەریەکە لە رووسیا و چین بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشک و قەبارەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا. ترەمپ روونیکردەوە.

دوای رەخنە توندەکان لێی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، ئەمڕۆ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بەشداری لووتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا دەکات.

ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی،سەرۆکی ئۆکرانیا گەیشتووەتە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و بڕیارە بەشداری لووتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا بکات، سەرکردە ئەوروپییەکانیش لەدژی رەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ، پشتیوانی خۆیان بۆ زیلێنسکی دووپاتدەکەنەوە.

دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵندا لە پۆستێکدا لە ئێکس وێنەیەکی زێلێنسکی داناوە و لەسەری نووسیوە: تۆ تەنیا نیت.

لە کاتێکدا، ئۆکرانیا بەردەوام داوکاری هاوکاریی دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سەرکردە ئەوروپییەکان بڕیاری پێدانی قەرزێکی 100 ملیار دۆلاری بە ئۆکرانیا بدەن بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو.

ئەم کۆبوونەوەیەی زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەوروپا لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا رەخنەی لێدەگرێت و دەڵێت: کاتی ئەوە هاتووە لەسەرۆکایەتی ئۆکرانیا لابدرێت.