کرێکارێکی خەڵکی پیرانشار لە بەغدا گیانی لەدەستدا

کرێکارێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە مەبەستی کارکردن و دابینکردنی بژێوی ژیان رووی لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردبوو، لە کاتی کارکردندا لە بەغدا بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی زانیارییەکان، قوربانییەکە ناوی 'سوارە قوربانییە و تەمەنی 30 ساڵە، باوکی دوو منداڵ و دانیشتووی شاری پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێیە. ئەو ماوەی ساڵێک بوو بە مەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیان زێدی خۆی جێهێشتبوو و رووی لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردبوو.

سەلاح رەسووڵزادە شایەتحاڵی رووداوەکە و هاوکاری قوربانییەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: رووداوەکە کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەم، لە ناوچەی سەیدیەی بەغدا روویداوە و بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە ناوبراو دەستبەجێ لە شوێنی کارەکەی گیانی لەدەستداوە.

هاوکات بنەماڵەی قوربانییەکە بە کوردستان24یان راگەیاند، هێشتا تەرمی سوارە لە بەغدایە و چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی دەوامی ئیداری دەکەن لە رۆژی یەکشەممەدا، تاوەکو فەرمانگەی پزیشکی دادی بەغدا تەرمەکەیان رادەست بکاتەوە.

بنەماڵەکەی ئاماژەیان بەوەش کرد، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان و وەرگرتنی بەڵگەنامەی فەرمیی مردن، سەردانی باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا دەکەن، تا لە رێگەی ئەوانەوە تەرمەکەی بگوازنەوە بۆ شاری پیرانشار و لەوێ بە خاکی بسپێرن.