مەهمەت ئوچوم: پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵسەنگاندن بۆ چەکدانان رادەگەیێنین
گەورە ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا، زانیاریی نوێ لەبارەی پڕۆسەی چەکدانان و ئامانجی پرۆسەی ئاشتی ئاشکرا دەکات و رایگەیاند، دەکرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک رێکخەری پرۆسەی چەکدانان رۆڵ بگێڕێت، بەڵام دۆخی یاسایی و سزاکەی هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت.
مەهمەت ئوچوم، گەورە راوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، دروشم و ئامانجی پرۆسەی ئاشتی لای ئەوان تەنیا وەستاندنی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری نییە، بەڵکو بە واتای بنبڕکردنی تەواوەتیی چالاکییە چەکدارییەکان، بڕینی سەرچاوە پشتیوانەکان، نەهێشتنی هەژموون و سڕینەوەی گوتار و زمانی تیرۆر دێت.
ئوچوم ئاماژەی بە هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد لەبارەی پرۆسەکەوە و گوتی: ئۆجەلان پەیامەکەی تەواو کردووە و پێناسەی دۆخەکەی بە پڕۆسەی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە کردووە؛ هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە پرسی جیابوونەوە، سەربەخۆیی و تەنانەت خۆبەڕێوەبەری (ئۆتۆنۆمی) لە ئارادا نییە، بەڵکو ئامانجەکە تێکەڵبوونەوەیە بە دەوڵەت و گەل.
لەبارەی رۆڵی داهاتووی ئۆجەلانیشەوە، گەورە راوێژکارەکەی ئەردۆغان روونی کردەوە: بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت رۆڵی کاریگەری خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی چەکداری و سەرخستنی پڕۆسەی تێکەڵبوونەوەدا بگێڕێت، رەنگە پێویست بکات لەلایەن لیژنەی چەکداماڵینەوە ئەرکی رێکخەری پێ بسپێردرێت. ئەم هەنگاوەش تەنیا بۆ رەخساندنی کەش و مەرجی گونجاوی کارکردنە و هیچ دەستکاری و گۆڕانکارییەک لە دۆخی یاسایی، مافی زیندانی و ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە دروست ناکات.
سەبارەت بە لایەنی یاسایی و خشتەی کاتیی هەنگاوەکانیش، ئوچوم ئاشکرای کرد کە پێویستییان بە یاسای چوارچێوە هەیە و لەو بوارەشدا ئاڵوگۆڕی یاسایی گرنگ روو دەدەن. هاوکات پێشبینی کرد پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا (مەگەکە) لەبارەی هەڵسەنگاندنی چەکدانان رابگەیەنرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، مەهمەت ئوچوم جەختی لەوە کردەوە کە لەمەودوا ئەنجوومەنی بەدواداچوون وردەکاریی زیاتر لەبارەی پڕۆسەکە بۆ رای گشتی دەخاتەڕوو، هەروەها پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی ساڵی 2027 و لە ماوەی شەش مانگدا، سەرجەم هەنگاوە دیاریکراوەکانی ئەو پڕۆسەیە دەخرێنە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.