کەشناسی هەرێم: تاوەباران و هەورە بروسکە بەردەوام دەبێت
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان دەست پێدەکات؛ لە ناوچە شاخاوییەکانیش رێژەی دابارین زۆرتر دەبێت و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە.
هەینی، 16ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت باران بارین لە زۆربەی ناوچەکان بە پچڕپچڕی بەردەوامی دەبێت، هاوکات هەندێک کات باران بارین بە شێوەی تاوە باران و هەورە بروسکە دەبێت.
کەشناسی پێشبینی دەکات زۆرترین رێژەی دابارین لە ناوچەکانی ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک بێت، هاوکات پێشبینیشی کردووە خێرای با لە نێوان 10 بۆ 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک بێت و پلەکانی گەرماش یەک بۆ 3 پلەی سیلیزی دابەزن.
لەبارەی کەشی سبەینێش، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی پێشبینی دەکات ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو بێت و نمە باران و بارانی مامناوەندیش لە کات و شوێنی جیاواز بە پچڕپچڕی دەبارێت بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، ئاشکراشی کرد لە کاتەکانی دوا نیوەڕۆی سبەی کەشەکە سەقامگیر دەبێتەوە.