یەکێتیی ئەوروپا: هیچ سزایەک لەسەر رووسیا لانابرێت تا جەنگ نەوەستێنێت

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی لووتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە برۆکسل بە بەشداریی سەرۆکی ئۆکرانیا، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا جەخت لە بەردەوامیی پشتیوانییە سەربازی و داراییەکانی کیێڤ دەکەنەوە؛ ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین رایدەگەیەنێت مۆسکۆ تەنانەت بۆ یەک خولەکیش رێزی لە ئاگربەستی وزە نەگرتووە و تا شەڕ نەوەستێنێت هیچ سزایەکی لەسەر لانابرێت.

هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە میانی کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، هەڵوێستی توندی ئەوروپای بەرامبەر بە مۆسکۆ دووپات کردەوە.

ڤۆندەرلاین ئاماژەی بەوە کرد، رووسیا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی وێرانکردنی ژێرخانی وزە و تۆڕەکانی ئاوی ئۆکرانیا دەدات، بەڵام ئەوروپا وەک زستانەکانی پێشوو لە پاڵ ئۆکرانیادا دەمێنێتەوە. سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا گوتی: ئێمە پشتیوانیی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپمان کرد بۆ ئاگربەست لە کەرتی وزەدا، بەڵام بینیمان کە رووسیا تەنانەت بۆ یەک خولەکیش رێزی لەو ئاگربەستە نەگرت، بەڵکو بە پێچەوانەوە هێرشەکانی پەرەپێدا؛ هەر بۆیە پێویستە گوشارەکانمان بۆ سەر مۆسکۆ چڕتر بکەینەوە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئاشکرای کرد ئێستا کار لەسەر ئامادەکردنی 22ـەمین پاکێجی سزاکان دەکەن دژی رووسیا و جەختیشی کردەوە: شتێک بە تەواوی روونە؛ هیچ سزایەک لەسەر مۆسکۆ لانابرێت مەگەر ئەوەی رووسیا بە تەواوی کۆتایی بە شەڕ بهێنێت. هەروەها رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکانیاندا تاوتوێی پێداویستییە دارایی، سەربازی و بودجەی بەرگریی ئۆکرانیا دەکەن بۆ ئەمساڵ و بۆ ساڵی داهاتووی 2027.

لە لایەکی دیکەوە، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، رایگەیاند: ئێستا نە کاتی ئەوەیە پشتیوانییەکان لە ئۆکرانیا پاشەکشەی پێبکرێت و نە کاتی سووککردنی سزاکانی سەر رووسیایە، بەڵکو پێویستە پشتیوانییەکان بۆ کیێڤ و گوشارەکان بۆ سەر مۆسکۆ دوو هێندە بکرێن.

هاوکات، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە لێدوانەکەیدا سوپاسی هەڵوێستی نەگۆڕی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپای کرد و گوتی: ئێمە دەمانەوێت ئەم شەڕە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت، بەڵام لە لایەنی رووسیاوە هیچ ئاماژەیەک نابینین کە ئامادە بێت جەنگەکە رابگرێت. هەر لەبەر ئەوەشە بە تەواوی ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان دەکەین، پاکێجی زستانەش تەنیا دابینکردنی وزە نییە، بەڵکو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و پاڵپشتیی دارایی لەخۆدەگرێت.

سەردانەکەی زێلێنسکی بۆ برۆکسل و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا و مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ، لە کاتێکدایە کە کیێڤ بەردەوامە لە داواکردنی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی و پێداویستیی سەربازیی زیاتر، بۆ ئەوەی بەر لە هاتنی سەرمای زستان بتوانێت ژێرخانی وزە و ئاسمانی شارەکانی لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای رووسیا بپارێزێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، هیچ خۆشەویستی بۆ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا نییە و پێی وایە دیالۆگ لەگەڵی زۆر لە پووتین سەختترە. هاوکات ترەمپ نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا دەربڕی و جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا.

ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، گەیشتووەتە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و بڕیارە بەشداری لووتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا بکات، سەرکردە ئەوروپییەکانیش لەدژی رەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ، پشتیوانی خۆیان بۆ زێلێنسکی دووپاتدەکەنەوە.

ئەم کۆبوونەوەیەی زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەوروپا لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا رەخنەی لێدەگرێت و دەڵێت: کاتی ئەوە هاتووە لەسەرۆکایەتی ئۆکرانیا لابدرێت.