48 کەسایەتیی دیار لە لە جەهەپە دوورخرانەوە
دەستەی باڵای دیسیپلینی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بڕیاری دەرکردنی 48 ئەندام و بەرپرسی باڵای پارتەکەی پەسەند کرد، کە لە نێویاندا چەندین سەرکردەی ناسراو و ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕیی پارتەکە هەن.
هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی باڵای دیسیپلینی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دوای تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەو کەسانەی رەوانەی بەردەم لیژنەکە کرابوون، بڕیاری کۆتایی خۆی دەرکرد و بە فەرمی 48 بەرپرس و ئەندامی لە ڕیزەکانی پارتەکە وەدەرنا.
لە نێو ئەو ناوانەی کە بڕیاری دەرکردنەکەیان بەسەردا دراوە، چەندین سەرکردەی باڵا و کەسی دیاری پارتەکە دەبینرێن، لەوانە: سێلین سایەک بۆکە، ئایلین نازلیاکا سەرۆکی پێشووی لقی ژنان، ئیلهان جیهانەر، گوڵ چیفتچی، یەڵچین کاراتەپە، یانکی باگجیئۆغڵو، کەریم رۆتا، سەڤگی کیلیچ و سەرکان ئۆزجان، کە لە سەردەمی جیاوازدا پۆستی باڵایان لە ئەنجوومەنی پارتەکە (PM) و دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندیدا هەبووە.
لە بەرامبەردا، دەستەی دیسیپلینی جەهەپە بڕیاری دا هیچ سزایەک بەسەر دوو کەس لە ئەندامەکاندا نەسەپێنێت؛ کە ئەوانیش بریتین لە مەتین گوزەلکایا، سەرۆکی پێشووی لقی بدلیسی پارتەکە، و ئۆزان ڤاراڵ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارتەکە.
ئەم بڕیارە نوێیە لە کاتێکدایە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بە قۆناخێکی سەختی ململانێی ناوخۆیی و کێشەی یاساییدا تێدەپەڕێت. هۆکاری سەرەکیی رەوانەکردنی ئەو 48 سەرکردەیە بۆ بەردەم لێژنەی دیسیپلین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تۆمەتبار کرابوون بەوەی لە کاتێکدا هێشتا ئەندامی جەهەپە بوون، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی باڵ و لایەنی سیاسیی دیکە کاریان کردووە، سەرکردایەتیی پارتەکەش ئەمەی وەک پێشێلکردنی بنەماکانی دیسیپلین و ئیتیکی حزبی ناوزەد کرد.
هەینی 24ی تەممووزی 2026، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە بە بڕیاری دادگا بەهۆی نەمانی شەرعییەت لە پۆستەکەی دوورخرابووەوە، بە فەرمی لەگەڵ زیاتر لە 90 پەرلەمانتاری دیکەی ئەو پارتە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندبوو. دەستبەجێ دوای ئەم هەنگاوە، داواکاریی فەرمی بۆ دامەزراندنی "پارتی نوێ" پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کرد.
ئەم بڕیارەی ئۆزەل دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ هات لەگەڵ 74 سەرۆک لقی پارتەکە (کە 52یان لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ستافی نووسینگەی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار.
رۆژی پێشتر، لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئۆزگور ئۆزەل لەگەڵ پەرلەمانتاران، زیاتر لە 90 پەرلەمانتار واژوویان لەسەر لیستی دامەزرێنەرانی پارتە نوێیەکە کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو ڕەوتە نوێیە دەربڕیوە.
دوای جیابوونەوەی ئۆزگور ئۆزەل، پارتی نوێ بوون بە پارتی دووەم لەنێو پەرلەمان بە 91 کورسییەوە و جەهەپەش بوو بە پارتی پێنجەم بە 44 کورسییەوە.