ئەمریکا تا 2030 ناتوانێت کورتهێنانی مووشەکە بەرگرییەکانی پڕ بکاتەوە
کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، ژەنەراڵ راندی جۆرج، پێش ئەوەی لەلایەن وەزیری جەنگی ئەمریکاوە لە پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سوپا دوور بخرێتەوە، هۆشداری دابوو کە کۆگاکانی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و تاد تووشی کەمییەکی زۆر مەترسیدار بوون و تا ساڵی 2030 ناتوانرێت ئەو کورتهێنانە پڕ بکرێتەوە.
هەینی 16یـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی تاپۆرتێکی کەناڵی CBS News بە پشتبەستن بە چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، ژەنەراڵ راندی جۆرج، سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپا، لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی پێشوو و دوو مانگ پێش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە هەڵسەنگاندنێکی فەرمیدا هۆشداری دابووە سەرکردایەتیی وڵاتەکەی لە مەترسیی کەمبوونەوەی چەک و مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانی. ئەم ژەنەراڵە لە مانگی نیسانی رابردوودا لەلایەن پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکاوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، ژەنەراڵ جۆرج لە پلانی ساڵانەی دابەشکردنی هێزەکانی پێنتاگۆندا ئاماژەی بەوە کردبوو، کۆگای مووشەکەکانی سیستەمی پێشکەوتووی تاد و سیستەمی پاتریۆت بە شێوەیەکی ستراتیژی کەوتوونەتە ئاستێکی زۆر نزم و مەترسیدارەوە، هۆشداریشی دابوو کە تا پێنج ساڵی دیکە و ساڵی 2030 سوپای ئەمریکا ناتوانێت ئەم کورتهێنانە پڕ بکاتەوە.
بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سێ هۆکاری سەرەکی بوونەتە هۆی ئەم کورتهێنانە:
1. ناردنی بەردەوامی مووشەکی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا دوای لەشکرکێشیی رووسیا لە ساڵی 2022.
2. خەرجکردنی ژمارەیەکی بێشومار لە مووشەکەکانی پاتریۆت و تاد بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە بەرامبەر مووشەکەکانی ئێران.
3. پاشەکشەی توانای کارگەکانی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا لە بەرهەمهێنانی خێرای تەقەمەنیدا.
بەپێی هەڵسەنگاندنێکی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی CSIS، جەنگی ئێران بووەتە هۆی بەکارهێنانی زیاتر لە 61%ی کۆگای مووشەکەکانی پاتریۆت (PAC-3) و نزیکەی 82%ی تەواوی کۆگای مووشەکەکانی سیستەمی بەرگریی تادی ئەمریکا. شارەزایانی سەنتەرەکە دەڵێن ئێستا بەرهەمهێنانی وەجبەیەکی نوێی مووشەکەکانی تاد زیاتر لە چوار ساڵ، و مووشەکەکانی پاتریۆتیش سێ ساڵ و نیوی کارکردنی بەردەوامی کارگەکانی دەوێت تا دەگەنە دەست سوپا.
مارک کانسیان، عەقیدی خانەنشینکراوی هێزی دەریایی و راوێژکاری باڵا لە (CSIS) هۆشداری دا کە ئەم دوو سیستەمە بەرگرییە، چەکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی ئەمریکان لە ئەگەری روودانی هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەگەڵ چین؛ چونکە لە شەڕی چیندا پێویستی بە بەرگریی بەهێزی ئاسمانی دەبێت نەک هێزی زەمینی.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکیش بە کەناڵەکەی راگەیاندووە، تەنانەت ئەگەر لەمەودوا یەک مووشەکیش نەتەقێنرێت، تا ساڵی 2030 کاتی دەوێت تا کۆگاکان بگەڕێنەوە ئاستی پێش شەڕی ئێران.
لە بەرامبەردا، شۆن پارنێل، گوتەبێژی سەرەکیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە و بە هەواڵی ساختە ناوزەدی کرد و گوتی: ئەم دەنگۆیانە دەبنە هۆی هاندانی دوژمنەکانمان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانمان. ئەمریکا خاوەنی جبەخانەیەکی زۆر بەهێز و ئامادەیە و هەموو توانایەکی هەیە بۆ وەڵامدانەوە و لێدان لە هەر کات و شوێنێک کە سەرۆک ترەمپ بڕیاری لێبدات.