رێزان حەمە ساڵح: سەرۆک بارزانی پردی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤاتیکان دامەزراندووە
رێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان مێژوویین و سەرۆک مەسعود بارزانی لە ساڵانی 2005 بۆ 2006 بە یەکەم سەردانی فەرمی پردی ئەم پەیوەندییانەی دامەزراندووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، خەمخۆریی بەردەوامی سەرۆک بارزانی بۆ کریستیانەکان وای کردووە ڤاتیکان پێزانینی تایبەتی بۆ هەڵوێستەکانی هەبێت.
نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا باسی لەوە کرد، بەهۆی پشتیوانیی بەردەوامی سەرۆک بارزانی بۆ پێکهاتەی کریستیانەکان لە کوردستان، پاپاکانی پێشوو و پاپا فرەنسیسیش دیداریان لەگەڵ جەنابیاندا هەبووە و خەڵاتی تایبەتی ڤاتیکانی پێ بەخشراوە.
رێزان حەمە ساڵح روونیکردەوە، سەردانی ئەم جارەیان بە مەبەستی بەشداریکردن بووە لە هەڵبژاردنی پاتریارک بۆ عێراق. گوتیشی: "جێگەی دڵخۆشی و شانازییەکی گەورە بوو کە ئاڵای کوردستانم لەناو ڤاتیکان بەدەستی مەسیحییەکانەوە بینی، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان پەناگەیەکی ئارامە بۆ برا مەسیحییەکان و ئەوانیش شانازی دەکەن کە کوردن و مەسیحین."
نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا ئاشکراشی کرد، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی کشانەوەی هێزەکان، دۆخی ئەمنی و ئاسایش لە عێراق و پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوەتەوە.