کالاس: گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسی ئۆکرانیا سەختە
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا رایدەگەیەنێت کە نابێت مۆسکۆ هەموو داواکارییەکانی بەبێ هیچ سازشێک دەستکەوێت؛ هاوکات ئاشکرای دەکات, ئێستا گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوپەیمانە ئەمریکییەکانیان لەسەر چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە کارێکی زۆر سەختە.
هەینی 16ی تشرینی یەکەمی 2026، لە دووەم رۆژی کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە برۆکسل، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنەکە جەختی لەوە کردەوە پێویستە ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی هەڵوێستێکی پتەوتر لە بەرامبەر مۆسکۆدا بگرنەبەر.
کالاس لەبارەی رێڕەوی دانوستان و کۆتاییهێنان بە جەنگ گوتی: پێویستە داواکارییەکانمان بخەینە بەردەم رووسیا و ناکرێت هەموو ئەو شتانەی کە مۆسکۆ دەیەوێت پێی ببەخشرێت بەبێ ئەوەی هیچ سازشێک لە لایەنی رووسییەوە هەبێت.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بە بوونی جیاوازیی بۆچوون لەگەڵ واشنتن کرد و بە ئاشکرا گوتی: وەک دەبینن لەم کاتەدا پەیوەندی و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوپەیمانە ئەمریکییەکانمان زۆر سەخت و ئاڵۆز بووە، بەڵام بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی هاوبەشە ئەمریکییەکانمان قایل بکەین کە ئەگەر بەڕاستی دەمانەوێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنین، دەبێت گوشارەکان لەسەر رووسیای دەستدرێژیکار توندتر بکەین و تەنگی پێ هەڵبچنین.
کایا کالاس هۆشداری دا، ئامانجی ئەوروپا تەنیا راگرتنی کاتیی ئەم شەڕە نییە، بەڵکو دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە جارێکی تر رووسیا لە ئایندەدا شەڕ و داگیرکاریی نوێ لە ناوچەکەدا هەڵناگیرسێنێت.