چوار کەس لە لافاوەکەی ئیستانبۆڵ خنکان و زیاتر لە 3 هەزار کەسیش رزگار کراون

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاو و بارانبارینی بەلێزمە لە شاری ئیستانبۆڵ گیانیان لەدەستدا بۆ چوار کەس بەرزبووەوە و گەڕان بەدوای پێنج بێسەروشوێندا بەردەوامە؛ وەزیری ژینگەی تورکیاش رایدەگەیەنێت کە لە ماوەی 83 ساڵی رابردوودا شارەکە بارانبارینی هێندە چڕ و بەخوڕی بەخۆیەوە نەدیوە.

هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، داود گول، پارێزگاری ئیستانبۆڵ رایگەیاند، دوای گیانلەدەستدانی کرێکارێک لە کاتی دەرهێنانی ئاوی کۆبووەوە لە شوێنی دروستکردنی قوتابخانەیەک لە ناوچەی بەیکۆز، ژمارەی قوربانییانی لافاوەکە لە شارەکە گەیشتە چوار کەس.

پارێزگار ئاماژەی بەوەش کرد حەوت بریندار لە نەخۆشخانەکان لەژێر چارەسەردان و حەوتی دیکەش دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، هاوکات ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەدوای پێنج کەسی بێسەروشوێندا بەردەوامە.

لە لایەکی دیکەوە، مورات کوروم، وەزیری ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ناوەندی هەماهەنگیی کارەساتەکان (AFAD) ئاشکرای کرد، ئیستانبۆڵ رووبەڕووی بەهێزترین شەپۆلی بارانبارین بووەتەوە لە ماوەی 83 ساڵی رابردوودا؛ بە جۆرێک لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە هەر مەتر چوارگۆشەیەکدا 186 ملیمەتر باران باریوە و کۆی گشتیی بارانبارینەکە گەیشتووەتە 273 ملیمەتر. ئەم بارانە بەخوڕە لە ماوەی تەنیا یەک رۆژدا ئاستی ئاوی بەنداوەکانی شارەکەی بە رێژەی 7% بەرزکردووەتەوە.

بەپێی گوتەی وەزیری ژینگە، ئەم شەپۆلە لە 39 قەزای جیاوازی ئیستانبۆڵ بووەتە هۆی روودانی 48 رۆچوونی زەوی و داڕمانی 53 دیواری پاڵپشت. تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە 3 هەزار و 57 هاووڵاتی رزگار بکەن و بۆ ناوەندە گشتییەکان بیانگوازنەوە. تەنیا لە گەڕەکی ئایازئاغای ئیستانبۆڵ، زیان بە 300 شوێنی بازرگانی و 200 ئۆتۆمبێل گەیشتووە، هەروەها وەک رێکارێکی خۆپارێزی هێڵی کارەبای 40 هەزار ماڵ لە هەردوو بەشی ئەوروپی و ئاسیایی شارەکە بڕدراوە.

لافاوەکە تەنیا لە ئیستانبۆڵ نەوەستاوە، بەڵکو پارێزگاکانی کۆجائێلی، ساکاریا و ئەنتاڵیاشی گرتووەتەوە؛ لە ساکاریا بەهۆی بارانی بەخوڕەوە پردێک و خانووێک داڕماون و لە کەرتی ئاژەڵداریشدا لەناوچوونی 109 سەر ئاژەڵ تۆمارکراوە کە حکوومەت بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی بە خاوەنەکانیان داوە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا هۆشداری دەدەن کە مەترسییەکە کۆتایی نەهاتووە و بارانبارینی بەخوڕ لە رۆژانی هەینی و شەممەشدا بەردەوام دەبێت، هاوکات بۆ هەردوو پارێزگای زۆنگوڵداک و دوزجە هۆشداریی پلە مەترسیدار راگەیەندراوە.

وەزیری ژینگە داوای لە هاووڵاتییان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە و خۆیان لە هاتووچۆی ناپێویست بەدوور بگرن، جەختیشی کردەوە دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی دروستبوونی بارانبارینی زۆر چڕ لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، ئەمەش وا دەخوازێت پەلە لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئاوەڕۆ و سیستمەکانی بەرگری لە شارەکاندا بکرێت.