کەشتییەکی برنجی بایەعی عێراق گەیشتە بەندەری عەقەبەی ئوردن

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زامنکردنی ئاسایشی خۆراک، نزیکەی 44 هەزار تۆن برنجی ئەمریکی گەیشتووەتە بەندەری عەقەبەی ئوردن.

لەما هاشم مووسەوی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی گشتیی خۆراک ئەمڕۆ هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاندووە، بۆ زامنکردنی ئاسایشی خۆراک و پڕکردنەوەی کۆگاکانی ئازووقە، کەشتی Equinox Star بە بارێکی نزیکەی 44 هەزار تۆن برنجی ئەمریکی لە رێگەی دەریای سوورەوە گەیشتووەتە بەندەری عەقەبە و لەنگەری گرتووە.

هەروەها ئاماژەی داوە، بارە برنجە بەشێکە لە پلانی وەزارەتی بازرگانی بۆ ئەوەی لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بەسەر هاووڵاتییان دابەش بکرێت .

بە گوتەی بەڕێوەبەرە گشتییەکەی وەزارەتی بازرگانی، تیمە تەکنیکییەکان لە بەندەری عەقەبە پشکنینی تاقیگەیی بۆ جۆر و کوالێتی برنجەکە دەکەن، تا دڵنیابنەوە لە هاوتابوونی ئەو تایبەتمەندیانەی کە داوا کراوە. ئەگەر لە پشکنینەکان دەربچێت، باری کەشتییەک بەتاڵ دەکرێت و لە رێگەی وشکاییەوە دەگوازرێتەوە عێراق.

لە دوای دەسپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە، کە بووە هۆی داخرانی گەرووی هورمز لەبەردەم هاوردە و هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکەی کەندا، حکوومەتی فیدراڵی عێراق ناچاربووە تا ئێستا بەشێکی زۆری خۆراکی هاوردەکراو بگوازێتەوە دەریای سوور و بەندەری عەقەبە.