سەرۆکی ئۆکرانیا: هیچ ڕێککەوتنێک لە کەرتی دیزڵ و گازدا قبووڵ ناکەین

سەرۆکی ئۆکرانیا لە گوتارێکدا لە برۆکسل هۆشداری دەدات لەوەی کە مۆسکۆ نیازی راستەقینەی بۆ وەستاندنی جەنگ نییە و بە دەستبەسەرداگرتنی دۆنباس رازی نابێت؛ هاوکات رەتیدەکاتەوە هیچ سازشێک لە سزاکانی سەر رووسیا بکرێت و داوا دەکات مووشەکی بەرگریی پێویستیان بۆ پاراستنی کەرتی وزە لە وەرزی زستاندا پێ بدرێت.

هەینی 16ی تشرینی یەکەمی 2026، لە لووتکەی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە برۆکسل، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێڕوانینی وڵاتەکەی سەبارەت بە داهاتووی جەنگ، سزاکان و ئامادەکارییە سەربازییەکان خستەڕوو.

زێلێنسکی رایگەیاند ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هیچ نیازێکی راستەقینەی بۆ ئاشتی نییە و گوتی: ئەو نایەوێت جەنگەکە کۆتایی پێبێت، هەر لەبەر ئەوەشە بڕوام وایە کۆنتڕۆڵکردنی دۆنباس بە تەنیا بۆ رووسیا کەمە و بەوە ناوەستێت. ئاماژەی بەوەش کرد مۆسکۆ هەوڵ دەدات بە فێڵ و لە ێگەی دۆزینەوەی دەستەواژەی نوێوە، قۆناخ بە قۆناخ سزاکانی سەری کەمبکاتەوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا بە توندی هۆشداری دا لە هەر هەوڵێک بۆ رێککەوتن لەسەر سووتەمەنی و کەمکردنەوەی سزاکانی رووسیا و گوتی: ئێمە ناتوانین قبووڵی ئەو جۆرە رێککەوتنانە لە کەرتی دیزڵ و وزەدا بکەین، چونکە دوای دیزڵ رێککەوتنی گاز دێت و پاشان سزاکانی سەر کەرتی بانک، پیشەسازیی کیمیایی و کەسایەتییەکان لادەبرێن، دواتریش دەست بۆ سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیا دەبرێت. ئەگەر من بە شێوەیەکی دیپلۆماسی بەرگری لە خاک و گەلەکەم نەکەم، کێ دەیکات؟ هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەمان و خەڵکمان کوژراون، بۆیە مافی رەوای خۆمانە بەرگری لە خۆمان بکەین.

سەبارەت بە بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی، زێلێنسکی پرسیاری ئەوەی خستەڕوو: ئایا ئەوروپا خاوەنی مووشەکی پێویستی جۆری (پاتریۆت PAC-2 و PAC-3)یە بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بتوانێت ئەم وەرزی زستانە تێپەڕێنێت؟ لە وەڵامدا دووپاتی کردەوە: بەڵێ، بەپێی ئەو ژمارانەی داوامان کردوون، ئەوروپا خاوەنی ئەو بڕە مووشەکەیە، ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپیدا کار لەسەر پرۆژەی هاوبەش دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی دژەبالیستی.

زێلێنسکی رووی دەمی کردە سەرکردەکانی رۆژئاوا و گوتی: ئەگەر هیچ ئاگربەستێک لە کەرتی وزەدا لە ئارادا نییە، کەواتە مووشەکی دژەبالیستیمان پێ بدەن تا بتوانم وێستگە و ژێرخانی وزەی وڵاتەکەم بپارێزم؛ زۆرمان ناوێت، تەنیا بۆ ماوەی دیاریکراو پێمان ببەخشن، بەڵام تا ئێستا ئەو داواکارییەمان بەدەست نەگەیشتووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە گوایە سوپای ئۆکرانیا تۆڕی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک بۆ لێدانی قووڵایی خاکی رووسیا بەکاردەهێنێت و جەختی کردەوە کە ئەو زانیارییانە دوورن لە راستییەوە.