پڕۆژەی هەژماری من روونکردنەوە لەبارەی بانکێکی دوورخراوە دەدات
تیمی پڕۆژەی هەژماری من روونکردنەوە لەبارەی سزادان و بێبەشکردنی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەو بانکە لە پاییزی ساڵی رابردووەوە لە پڕۆژەکە دوورخراوەتەوە و مووچەی هیچ فەرمانبەرێک لەژێر مەترسیدا نییە.
هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوای ئەوەی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لە ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکان بە دۆلاری ئەمریکی بێبەش کرا، تیمی پڕۆژەی هەژماری من لە راگەیەندراوێکدا دڵنیایی دایە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند کە ئەو بڕیارە هیچ پەیوەندییەکی بە سوودمەندانی پڕۆژەکەوە نییە.
لە روونکردنەوەکەی پڕۆژەی هەژماری مندا هاتووە، هەر لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2025ەوە لە هەنگاوێکی پێشوەختەدا بانکی ناوبراو (IDB) لە پڕۆژەکە دوورخراوەتەوە و سەرجەم ئەو مووچەخۆرانەی لەو بانکە هەژماریان هەبوو، بۆ سەر بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی دیکە گواستراونەتەوە. ئامانج لەو بڕیارەش پاراستنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووە، تاوەکو بەردەوام بن لە ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکانیان بە دۆلار و بەکارهێنانی کارتە بانکییەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەبێ هیچ ئاستەنگێک.
هەروەها پڕۆژەی هەژماری من جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ حەوت بانکی فەرمی بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، کە سەرجەمیان بە تەواوی پابەندی رێسا، رێنمایی و یاساکانی بانکی ناوەندیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانن.