پزیشکیان: بەهۆی گەمارۆکانەوە ناتوانین رووبەڕووی ئاڵنگارییە ژینگەییەکان ببینەوە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی سیاسەتی سەپاندنی سزای زیاتر و گەمارۆدانی وڵاتەکەی گرت و راگەیاند: ئەمریکا و ئیسرائیل بەو جەنگانەی هەڵیانگیرساندووە بوونەتە هۆکاری وێرانکاریی ژینگەیی.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە لووتکەی رێککەوتننامەی جۆرایەتی بایۆلۆجی گوتی: جەنگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە بوونەتە زیانگەیاندن و وێرانکاریی ژینگەیی. 

هەروەها رەخنەی لە سزا سەپێندراوەکانی سەر وڵاتەکەی گرت و رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکانەوە ناتوانن رووبەڕووی قەیران و ئاڵنگارییە ژینگەییەکان ببنەوە.

پزیشکیان لە گوتارەکەیدا، هێرشی تووندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت: ئەو جەنگە داگیرکارییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەمان هەڵیانگیرساندووە، بەهۆی زیانگەیاندن بە دامەزراوەکانی وزە و بڵاوبوونەوەی پیسکەرەکان، بووەتە هەڕەشە بۆ سەر سروشت و ژینگە، لەنێویاندا وێرانکارییەکانی غەززە و وێرانکارییەکانی ژینگەییە و پێویستە سەرکۆنە بکرێت.

سەرۆککۆماری ئێران باسی لە رەوشی وڵاتەکەی کرد و گوتی: ئێران رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی بووەتەوە، لە هەمان کاتدا قوربانیی سزاکانی ئەمریکا و هێرشە سەربازییەکانە، بەتایبەت هێرشکردنە سەر کۆگاکانی سووتەمەنی. 

پزیشکیان روونی کردەوە، بەهۆی ئەو سزایانەوە دەستڕاگەیشتنیان بە تەکنەلۆژیا و سەرچاوە داراییەکان سنووردار بوون و دۆخەکەیان زۆر خراپتر کردووە.

پزیشکیان پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و داوای کرد سەرچاوەی دارایی و تەکنەلۆژیای پێویست بۆ وڵاتانی سزادراو دابین بکەن. گوتیشی: "نابێت ئەو وڵاتانەی گەمارۆی ئابووری دراون یان هێرشیان دەکرێتە سەر، بە تەنیا باجی ژینگەیی ئەو جەنگ و گەمارۆیانە بدەن کە خۆیان دەستیان پێنەکردووە."