فوئاد حوسێن: هاوکارییەکانی ئیتاڵیا بۆ هێزی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنین

وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا رایگەیاند: وڵاتەکەی خوازیاری شەڕ نییە و پشتیوانی لە سەرجەم هەوڵە ئاشتیخوازەکان دەکات. هاوکات هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی هاوبەشیی ئەمنی و راهێنانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە لایەن ئیتاڵیاوە کردەوە.

هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ رۆما، لە بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا، لەگەڵ گویدۆ كرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی تیشک خرایە سەر رۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراقدا، بەشداریکردنی هێزەکانی ئیتاڵیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی  رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، شانبەشانی رۆڵی ڕۆما لە مەشق و راهێنانی سوپای عێراق بە هێزی پێشمەرگەشەوە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانستی سەربازی و ئەمنییان؛ هاوکات پەرەسەندنە ناوچەییەکان و لێکەوتەکانی ململانێ بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خرانە بەر باس.

لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حوسێن رایگەیاند: عێراق بە هیچ جۆرێک بە دوای هەڵگیرساندنی شەڕدا ناگەڕێت، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە رێگەی دیالۆگ و چەسپاندنی ئاشتی دەکات.

ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانی تایبەت بە هێورکردنەوەی گرژییەکان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو دەنێن، بە تایبەت ئەو گرژییانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەن.

هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی حکوومەتی ئیتاڵیای کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان و پێزانینی خۆی بۆ هاوبەشیی کاریگەری نێوان هەردوو وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دەربڕی و جەختی کردەوە کە هاوکارییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی ئیتاڵیا کاریگەریی بەرچاویان لە بەرگریکردن لە خاکی عێراقدا هەبووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق، پێداگریی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هاریکاریی نێوان سەرجەم بەشەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق و هاوتا ئیتاڵییەکانیان کردەوە، هاوکات سوپاسی ئیتاڵیای کرد کە دەرفەتی مەشق و راهێنانی سەربازی بۆ ئەفسەرانی عێراقی و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەڕەخسێنێت.

 سەبارەت بە داعشیش، وەزیری دەرەوە روونی کردەوە، ئەو رێکخراوە هێشتا وەک هەڕەشەیەکی فکری و بوونی هەندێک شانەی نووستوو لە چەند ناوچەیەکدا ماوەتەوە، بەڵام هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق ئەزموونێکی بەرفراوانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەیدا کردووە.

لای خۆیەوە، گویدۆ كرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، پێشوازی لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق کرد و جەختی لە تۆکمەیی پەیوەندییەکانی نێوان رۆما و بەغدا لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.

كرۆسێتۆ دووپاتی کردەوە، عێراق وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە، ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانییەکان بۆ عێراق لە هەر کاتێکدا داوای بکات، بە تایبەت لە رێگەی سەرپەرشتیکردنی خولە سەربازی و ئەمنییەکان بۆ ئەفسەرانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە.