نهێنییەکی 75 هەزار ساڵەی ئەشکەوتی شانەدەر ئاشکرا دەکرێت

توێژینەوەی هاوبەشی کەیمبریج و کوردستان نهێنییەکی نوێی ئەشکەوتی شانەدەر ئاشکرا دەکات

پشکنینە وردەکانی سەر ئێسکی شانی نیاندەرتاڵێکی دێرین بە ناوی (شانەدەر A) کە مێژووەکەی بۆ 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بوونی کونێکی بازنەیی بە قەبارەی 15 ملیمەتر ئاشکرا کردووە کە بەهۆی پێکرانی بە رمێکی دارینی تیژکراوەوە دروست بووە؛ شوێنەوارناسانی کەیمبریج و کوردستان ئەم دۆزینەوەیە بە دێرینترین بەڵگەی بەکارهێنانی چەکی دارین لە پێکدادانی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەژمار دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەیمبریجی بەریتانی، بە فەرمی ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستیی هاوبەش و کاریگەریان بڵاوکردەوە، کە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی سەردەمی پێش مێژوو لە ئەشکەوتی شانەدەردا. 

ئەم راگەیەنراوە هاوبەشە لە چوارچێوەی گرێبەستێکی فەرمی و زانستیی نێوان هەردوولایە کە چەندین ساڵە بۆ ئەنجامدانی پشکنین و هەڵکۆڵینی شوێنەواری لەو ئەشکەوتەدا بە سەرکەوتوویی بەڕێوە دەچێت.

سەبارەت بەم هاوکارییە زانستییە، محەمەد لەشکری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێم، کە چاودێریی پڕۆژەکەی کردووە، رایگەیاند: هاوکارییە درێژخایەن و بەرهەمدارەکەمان لەگەڵ زانکۆی کەیمبریج و تیمە جیهانییەکەیدا، لە سەرووی هەموویانەوە دکتۆر ئێما پۆمرۆی و پرۆفیسۆر گرایەم بارکەر بەردەوامە لە دەرخستنی نهێنییە مەزنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، "ئەشکەوتی شانەدەر تەنیا پێگەیەکی شوێنەواری نییە، بەڵکو دەروازەیەکی نێودەوڵەتییە بۆ تێگەیشتن لە رەگ و ریشەی کۆمەڵایەتی، رەفتارەکان و مێژووی هاوبەشی مرۆڤایەتی؛ ئێمە زۆر شانازی بەم هاوبەشییە دەکەین و پێشوازی لە هەموو دەستپێشخەرییەک دەکەین کە شوێنەوارە دەوڵەمەندەکانمان بە جیهان بناسێنێت."

لای خۆیەوە، دکتۆر ئێما پۆمرۆی، لە بەشی شوێنەوارناسیی زانکۆی کەیمبریج و سەرۆکی تیمی توێژەرانی پڕۆژەکە، جەختی لە گرنگیی دۆزینەوەکە کردەوە و گوتی: "کارکردن لە ئەشکەوتی شانەدەر لەژێر چەتری گرێبەستی هاوبەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران، ئەزموونێکی بێوێنە و پڕ لە دەستکەوتی زانستی بووە. پشتیوانیی بەردەوامی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم رێگەی پێداوین بگەینە ئەم ئاستە وردەی لێکۆڵینەوە؛ پاشماوەکانی (شانەدەر A) تیشکێکی نوێ دەخەنە سەر سروشتی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان نیاندەرتاڵەکان، کە تێیدا توندوتیژی و بەزەیی لە یەک کاتدا پێکەوە گرێ دراون."

 

وردەکاریی دۆزینەوە زانستییەکە: برینێکی کوشندە بە رمی دارین

بەپێی ئەو توێژینەوە نوێیەی کە لە گۆڤاری بەناوبانگی زانستیی (Scientific Reports) بڵاوکراوەتەوە، کونێکی بازنەیی لەسەر ئێسکی شانی نیاندەرتاڵێکدا دەستنیشان کراوە کە تەمەنی بۆ نزیکەی 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بە (شانەدەر A) ناسراوە؛ ئەم دۆزینەوەیە رەنگە کۆنترین بەڵگەی ناسراوی تۆمارکراو بێت لەسەر توندوتیژیی کوشندەی نێوان مرۆڤەکان لە رێگەی رمی دارینی تیژکراوەوە.

بە پێی راگەیەنەراوەکە، ئێسکی شانی ئەم نیاندەرتاڵە، بەهۆی ژینگەی لەباری ئەشکەوتەکەوە لەژێر حەفت مەتر و نیو لە بەرد و پاشماوەدا بە پارێزراوی ماوەتەوە و کونێکی بازنەیی بە تیرەی 15 ملیمەتری پێوە دیارە.

شوێنەوارناسان دووپاتی دەکەنەوە، کە ئەم برینە بەهۆی رمێکی دارینی تیژکراوەوە هاتووەتە ئاراوە، چونکە سەرەڕمی بەردین یان چەخماخ برینی گۆشەدار و تەخت بەجێدەهێڵن.

توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم لێدانە کوشندەیە بە مەبەستی پێکانی دڵ ئاراستە کراوە و بووەتە هۆی مردنی خێرای کەسەکە.


تێکەڵبوونی توندوتیژی و هاوسۆزیی کۆمەڵایەتی

سەرەڕای کۆتاییهاتنی ژیانی بە شێوازێکی توندوتیژ، پاشماوەکانی «شانەدەر A» بەڵگەی دیکەشیان لەخۆگرتووە؛ لەوانە شکان و لەتبوونی ددانێک و ئاسەواری زەبرێکی توند لە دەموچاویدا، بەڵام پشکنینەکان سەلماندوویانە کە ئەو کەسە دوای ئەو زەبرە قورسە بۆ ماوەی لانیکەم ساڵێک یان زیاتر لە ژیاندا ماوەتەوە. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەو مرۆڤە بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، پێویستی بە چاودێری، تیمارکردن و پشتیوانیی بەردەوامی ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگەکەی بووە، کە نیشانەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر بوونی هاوسۆزی، سۆز و پەیوەندیی قووڵی کۆمەڵایەتی لە نێوان مرۆڤی نیاندەرتاڵدا.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەیمبریج لە بەریتانیا، بە پێی رێساکانی بڵاوکردنەوەی زانستی، ئەم هەواڵە مێژووییەیان بە شێوەیەکی هاوکات بە هەردوو زمانی کوردی (لە ناوخۆی کوردستان) و زمانی ئینگلیزی (لە سەرانسەری جیهان) بڵاو کردەوە، بە ئامانجی پاراستنی هاوسەنگی و شەفافیەتی زانستی. هەروەها جەخت کرایەوە کە پڕۆژەی هاوبەشی هەڵکۆڵین لە ئەشکەوتی شانەدەر بەردەوام دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا دۆزینەوەی زیاتر لەبارەی شارستانییەتی دێرینی ناوچەکە بخرێنە روو.