رووسیا ناوچەیەکی ئەمنیی دابڕاو لەسەر سنووری ئۆکرانیا دروست دەکات

سەرۆکی رووسیا، رایگەیاند: دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەی، لە هیچ گفتوگۆیەکی ئاشتیی چاوەڕوانکراودا لەگەڵ ئۆکرانیادا ناکرێتە بابەتی دانوستان. هاوکات کۆشکی کرێملین ئاشکرای کرد، سوپای وڵاتەکەی تا ئێستا 465 کیلۆمەتر لە کۆی 660 کیلۆمەتری ئەو ناوچە ئەمنییەی بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە.

هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای دزەکردنی هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا بۆ ناوچەی کۆرسک، ئەرکێک بە هێزە چەکدارەکانی رووسیا سپێردرا کە تەنیا لە دەرکردن و وەدەرنانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە خاکی رووسیا کورت نەدەبووەوە، بەڵکو دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنی لە ناوچە و خاکەکانی دراوسێشی لەخۆدەگرت.

سەرۆکی رووسیا دەڵێت: دوای ئەو دزەکردنەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بۆ کۆرسک، ئەرکێکمان بە سوپاکەمان سپارد تا لە پاڵ وەدەرنانی دوژمن لە خاکەکەماندا، پشتێنەیەکی ئەمنی لە ناوچەکانی دەوروبەریش دروست بکات، خۆشبەختانە ئەم ئەرکەش ئێستا بە سەرکەوتوویی لە جێبەجێکردندایە.

پووتین پێداگریی لەسەر ئەوەش کرد کە، ئامانجی سەرەکی لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە مسۆگەرکردنی ئاسایشی تەواوەتیی ناوچە سنوورییەکانی رووسیایە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن؛ دەشڵێت: ئامانجی ئێمە پاراستنی رەهای ئەو ناوچانەیە لە ئاییندەدا و، بە هیچ شێوەیەکیش نییەتمان نییە ئەم بابەتە بکەینە جێگەی دانوستان لە هیچ پرۆسەیەکی ئاشتیی ئەگەریدا لەگەڵ ئۆکرانیادا.

لە هەمان چوارچێوەدا، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) ئاشکرای کرد، درێژایی ئەو ناوچە ئارامەی بە درێژایی سنووری نێودەوڵەتی لەگەڵ ئۆکرانیادا دروست دەکرێت، دەگاتە 660 کیلۆمەتر،

 ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هێزەکانی سوپای رووسیا دەستیان بەسەر 465 کیلۆمەتر لەو هێڵە سنوورییەدا گرتووە و کۆنترۆڵیان کردووە.