ناتانیاهۆ ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکات
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ یەکەمجار ئاشکرای کرد، پێش زیاتر لە ساڵێک پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر کورتی لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا ئەنجام داوە، بە مەبەستی ناچارکردنی دیمەشق بۆ راگرتنی هێرشەکان دژ بە پێکهاتەی درووز لە باشووری ئەو وڵاتە؛ ئەمەش وەک یەکەم پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵات لە مێژوودا هەژمار دەکرێت.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێش زیاتر لە ساڵێک گفتوگۆیەکی کورت و توندی، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا ئەنجام داوە.
بە گوتەی ناتانیاهۆ، ئەم پەیوەندییە لە مانگی تەمووزی ساڵی 2025 و لە دوای زنجیرەیەک بۆردومانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی سووریا و لێدانی چەند ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشقی پایتەخت هاتووەتە ئاراوە.
ئەم لێدوانەی ناتانیاهۆ بە یەکەمین زانیاریی ئاشکرا هەژمار دەکرێت سەبارەت بە بوونی پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان خۆی و ئەحمەد شەرع، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 لە دوای رووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەسەڵاتی لە سووریا گرتە دەست؛ هاوکات لە مێژوودا یەکەمین جارە کە سەرکردەکانی ئیسرائیل و سووریا، کە چەندین جەنگی خوێناویان لە دژی یەکتر ئەنجام داوە، بە شێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆ بکەن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، باسی لەوە کرد، دوای ئەوەی پەیوەندی بە شەرعەوە کرد، راستەوخۆ دوای ئەوەش ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە درووزەکانی لە سووریا دەکردە ئامانج، وەستان.
لەو کاتەدا ئیسرائیل رایگەیاندبوو، کە ئامانج لەو بۆردومانە چڕانە، پاراستنی کەمینەی درووز بووە لە باشووری سووریا، بە تایبەت لە سایەی ئەو ململانێ تائیفییەی کە پارێزگای سوەیدای زۆرینە درووزی گرتبووەوە.
لە ئێستاشدا، هەردوو لایەنی ئیسرائیلی و حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع لە گفتوگۆ و راوێژدان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی؛ تێیدا سووریا داوای کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل دەکات لەو ناوچە دابڕاوەی کە لەسەر سنووری نێوانیانە و لە دوای rووخانی ئەسەدەوە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ کراوە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل تا ئێستا بە هەموو شێوەیەک کشانەوە لەو ناوچەیە رەت دەکاتەوە.