پڕۆسەی چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان پێ دەنێتە قۆناخی جێبەجێکردنی کرداری
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا، رێنمایی و راسپاردەی پێویستی ئاراستەی لیژنەی باڵا و لیژنەی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی چاکسازی پۆلیس کرد، بە ئامانجی خێراترکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانەکانی پڕۆژەکە
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان سەبارەت بە دوایین هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان بەڕێوەچوو.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی ورد بوو بۆ دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی پۆلیس، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی لیژنەی چاکسازیدا.
وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، وێڕای جەختکردنەوە لە گواستنەوەی پڕۆژەکە لە قۆناخی گفتوگۆ و تیۆرییەوە بۆ قۆناخی کرداری و جێبەجێکردن، گفتوگۆ لەسەر دوو خاڵی لە پێشینەی پڕۆژەکە کرا کە بریتیە لە گۆڕانکاری لە پڕۆگرام و پەیکەری ئەکادیمیاکانی پۆلیس لە هەولێر و سلێمانی، هەروەها دەستبەکاربوونی چوار بنکە نموونەییەکە لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ جارێکی دیکە تیشکی خستە سەر گرنگی رۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە قۆناخی داهاتووی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و جەختی لەسەر پاراستنی رۆڵی کارای ئافرەتان لە کەرتی پۆلیسی کوردستان له چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازیدا کردەوە بە دابینکردنی دەرفەتی گونجاو بۆ بەدیارخستنی تواناکانیان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا رێنمایی و راسپاردەی پێویست ئاراستەی لیژنەی باڵا و لیژنەی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی چاکسازی کرا، بۆ خێراترکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانەکانی پڕۆژەکە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، خاوەندارێتی پڕۆسەی چاکسازی پۆلیسی نیشتیمانیی کوردستان لە (2026–2030) دەکات و لە لایەن دەستەی راوێژکارانی یەکێتیی ئەوروپاوە، پاڵپشتی دەکرێت.