قایمقامی قوشتەپە: مەترسیی لافاو لە سنوورەکەمان نییە و کێشەی کارەبا چارە دەکرێت
بەهۆی رەشەبا و لێزمەبارانەوە؛ چەندین ستوونی کارەبا لە قوشتەپە کەوتنە خوارەوە
بەهۆی ئەو رەشەبا و لێزمەبارانەی شەوی ڕابردوو سنووری پارێزگای هەولێری گرتەوە، چەندین ستوونی کارەبا لە سنووری قەزای قوشتەپە کەوتنە خوارەوە و بوونە هۆی پچڕانی کارەبای ناوچەکە؛ هاوکات قایمقامی قەزاکە رایگەیاند: سەرجەم تیمەکانی کارەبا و شارەوانی لە ئەرکدان بۆ گەڕاندنەوەی خێرای تەزووی کارەبا و رێگریکردن لە هەر مەترسییەکی کۆبوونەوەی ئاو.
هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو شەپۆلە رەشەبا و بارانبارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە تۆڕەکانی کارەبادا دروست بووە کە بووەتە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە سنوورەکە، ئێستا تیمەکانی چاککردنەوەی کارەبا بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ چارەکردنی گرفتەکان.
قایمقامی قەزای قوشتەپە دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی تاوەبارانی بەهێز باریوە، بەڵام تەواوی تیمەکانی شارەوانی لە سنووری قەزاکەدا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و هیچ گرفتێکی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو بەدی نەکراوە.
جەختیشی کردەوە، لە هەر شوێنێک کە گومانی کۆبوونەوەی ئاوی لێ کرابێت پێشوەختە ئامادەکاریی تەواوی بۆ کراوە، هاوکات تاوەکوو کۆتاییهاتنی کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە لێزمەبارانە، سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەکان لە ئەرکدا دەمێننەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەو با و بارانە بەهێزەی شەوی رابردوو سنووری پارێزگای هەولێری گرتەوە، چەندین ستوونی پاڵەپەستۆی بەرز و نزمی کارەبا لە سنووری قەزای قوشتەپە کەوتنە خوارەوە، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبای بەشێک لە سنوورەکە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردبوو، تیمەکانی چاککردنەوەی کارەبای قوشتەپە دەستبەجێ دەستیان بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنی ستوونە زیانلێکەوتووەکان کردووە، بە مەبەستی ئەوەی لە کەمترین ماوەدا دۆخی کارەبای سنوورەکە بگەڕێننەوە دۆخی ئاسایی خۆی.




