ترەمپ بۆ کەیتی: پۆستی گوتەبێژی کۆشکی سپی بۆ تۆ گونجاو نییە
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە، کەیتی زەکەریا، تەنیا دوای پێنج رۆژ لە دەستبەکاربوونی وەک گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کەیتی زەکەریا، تەنیا دوای 5 رۆژ لە دەستبەکاربوونی، وەک گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو: کە بەیانیی ئەمڕۆ بە کەیتی گوتووە ئەم پۆستە بۆ تۆ گونجاو نییە و من لە شوێنی تۆ بوومایە بیرم لە بابەتەکە دەکردەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردبوو، دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکەی بۆ ویلایەتی جۆرجیا دووبارە لەگەڵ کەیتی کۆدەبێتەوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی بۆ ئەو جێهێشتووە، ئایا بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکەی یاخود نا.
ئەم دۆخە دوای ئەوە هات، کە یەکەمین دەرکەوتنی کەیتی زەکەریا لە هۆڵی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان لە رۆژی سێشەممەدا پڕ لە هەڵە و لەرزۆک بوو، ئەمەش لە پاڵ پرسیارە بەردەوامەکان لەسەر پاشخانی پیشەییەکەی، وای کرد بکەوێتە ژێر وردبینی و رەخنەی توندی دەزگاکانی راگەیاندن و هاوکارەکانی لە تیمی کۆشکی سپیدا.
ترەمپ لە کاتی بەڕێکەوتنی بەرەو گردبوونەوەیەکی سیاسی لە ویلایەتی جۆرجیا ئاماژەی بەوە دابوو، کە میدیاکان مامەڵەیەکی توندیان لەگەڵ کەیتی زەکریا کردووە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا روونی کردبووەوە، باوەڕی وانییە کە ئەو شیاو بێت بۆ ئەوەی وەک گوتەبێژی سەرەکی بە ناوی ئیدارەکەیەوە قسە بکات و دانینابوو بەوەی: "لەوانەیە ئەم رۆڵە بۆ ئەو گونجاو نەبێت."
هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەستنیشانکردنی کەیتی زەکەریای وەک گوتەبێژی کۆشکی سپی راگەیاند.
کەیتی زەکەریا کێیە؟
کەیتی زەکەریا تەمەن 42 ساڵ، لە ساڵی 2007 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان و حوکمڕانی لە زانکۆی "پێپەردین" لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەدەستهێناوە. دواتریش لە ساڵی 2011 هەر لە هەمان زانکۆ دکتۆرای یاسای (Juris Doctor) تەواو کردووە. لە بواری یاسای کۆمپانیاکان، پشتیوانیی سیاسی، خوێندنی باڵا و بەڕێوەبردنی رێکخراوە ناحکوومییەکاندا شارەزاییەکی بەرفراوانی هەیە.
لە ساڵی 2011، کەیتی هاوسەرگیریی لەگەڵ تایلەر زەکەریا کردووە، کە بەڕێوەبەرێکی ناسراوی بواری وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماییە لە هۆلیوود و لە بەرهەمهێنانی چەندین شاکاری سینەماییدا بەشدار بووە؛ لەوانە فیلمی بەناوبانگی (Silence) لە دەرهێنانی مارتن سکۆرسێزی و بە رۆڵگێڕانی ئەستێرەکانی وەک ئەندرۆ گارفیڵد و ئادەم درایڤەر، هاوکات چەندین بەرهەمی وەک (Brink of War) و (Young Washington)؛ ئەم دوو هاوسەرە خاوەنی چوار منداڵن سێ کوڕ و کچێک.
کەیتی زەکەریا روخسارێکی ناسراوە لە میدیا ئەمریکییەکاندا و بەردەوام وەک شرۆڤەکاری سیاسی لە کەناڵەکانی فۆکس نیوز و نیوزماکس دەردەکەوێت. لە سەرەتای ئەمساڵیشدا بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ وەک گوتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە ئیدارەکەی ترەمپدا خزمەتی کردووە.