زیرەک زێباری: بە هۆی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی دەنگدان بە وەزیری کۆچ و کۆچبەران دواخرا
پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت: سەرۆک بارزانی ئامادەبوو قوربانی بە پۆستەکانی پارتی لە بەغدا بدات لە پێناو ئەوەی مافی پێکهاتەکان نەفەوتێت.
هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، زیرەک زێباری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، چەند زانیارییەکی لە بارەی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی تایبەت بە پێدانی پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە پێکهاتەکان، ئاشکرا کرد و گوتی: سەرۆک بارزانی، پەیامی بە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دابوو کە دەبێت پۆستی ئەو وەزارەتە بۆ ئەو لایەنە بێت کە زۆرینەی پێهاتەکانە لە پەرلەمان، بۆیە رێککەوتن لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران کرا، بەڵام رێککەوتنەکە پێشێل کرا.
زێباری دەڵێت: کاتێک رێککەوتنەکە پێشێل کرا، سەرۆک بارزانی بڕیاری دا؛ هەموو پۆستەکانی پارتی بە لایەنەکان بدرێت و بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت، بۆیە لەبەر ئەم هەڵوێستەی سەرۆک بارزانی، بڕیار درا دەنگدان بە کاندیدەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دوا بخرێت. سەرۆک بارزانی و پارتی ئامادەبوون قوربانی بە هەموو پۆستەکانی بدات لە پێناو ئەوەی ئەم پۆستە بۆ پێکهاتەکان بێت.
هاوکات کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند: هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و پارتی لە بیر ناکەین، چونکە هەلوێستەکەیان یەکلاکەرەوە بوون، بۆ ئەوەی مافی نوێنەرانی راستەقینەی پێکهاتەکان نەفەوتێت، هەروەها زۆرینەی لایەنە نیشتمانییەکان و فراکسیۆنە گەورەکانی پەرلەمانیش لەگەڵ ئێمەدا بوون و پشتیوانییان کردین.
جەختی لەوەش کردەوە، سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی بەڵێنی داوە پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ نوێنەرانی راستەقینەی کریستانەکان بێت و کاندیدەکەی لە لایەن فراکسیۆنی سۆیانا پێشکەش بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبوونی 261 پەرلەمانتار. بە مەبەستی دەنگدان لەسەر تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی وەزاریی حکوومەت، کۆبووەوە و لە میانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکەدا، متمانە بەخشرایە 11 کاندیدی پۆستە وەزارییەکان و سێ جێگری سەرۆکوەزیران، بەمەش وەزارتە بەتاڵە و تازە پێکهێنراوەکان یەکلایی کرانەوە.
بەڵام سەرەڕای تێپەڕاندنی زۆربەی ناوەکان، پەرلەمان دەنگدانی لەسەر کاندیدکردنی د. فارس بریفکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و روئا عامر سالم بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری کۆچ و کۆچبەران بۆ کاتێکی دیکە دواخست.