کەشناسیی عێراق: پێشبینی شەپۆلێکی بارانبارین لە رۆژی سێشەممە دەکەین
دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاوی کردەوە، هەورەبرووسکە و بارانبارین بەردەوام دەبن و پلەکانی گەرما دادەبەزن.
هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026،دەستەی کەشناسیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، وێنەی مانگە دەستکردەکان چالاکبوونی هەوری کەڵەکەبوو، برووسکە و بارانبارین لە ئاسمانی ناوچەکانی باکوور، ناوەڕاست و رۆژئاوای وڵات نیشان دەدەن.
بەپێی راگەیەنراوی دەستەکە، ئەگەری بارانبارین تاوەکو نیوەڕۆی سبەی شەممە بەردەوام دەبێت و دواتر بەرەو لاوازبوون دەچێت؛ هاوکات کەشوهەوا لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا سەقامگیر دەبێت، بەڵام نەخشەکانی کەشوهەوا پێشبینیی دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێی بارانبارین لە رۆژی سێشەممەوە دەکەن.
دەستەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژی یەکشەممەوە بای باکووری رۆژئاوا هەڵدەکات و دەبێتە هۆی دابەزینی قۆناخ بە قۆناخی پلەکانی گەرما، بە تایبەت لە کاتەکانی شەو و بەیانیاندا کە فێنکییەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت؛ هاوکات شێی تاقەتپڕوکێنی شارەکانی باشوور کەم دەبێتەوە و ئەگەری تۆزوخۆڵێکی کەم لە ناوچە بیابانییەکاندا هەیە.