پارکی دۆستایەتی نێوان زاخۆ و مۆرهێد لە ویلایەتی مینیسۆتا کرایەوە

لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا و وەک رێزلێنانێک لە پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە هەرێمی کوردستان، شارەوانیی شاری مۆرهید لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا ناوی پارکی جۆنسن فارمزی بۆ پارکی دۆستایەتی گۆڕی، ئەوەش وەک هێمایەک بۆ پتەوکردنی پردە کولتووری و مرۆییەکانی نێوان هەردوو لا.

هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، شارەوانیی مۆرهید لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا، لە راگەیەنراوێکدا رایگەاند: بە مەبەستی رێزگرتن لە پەیوەندییە دۆستانە و کولتوورییەکانی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ناوی پارکی جۆنسن فارمزی بۆ پارکی دۆستایەتی گۆڕیوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی شارەوانی، کەسایەتییە دیارەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی شاری مۆرهید، پەردە لەسەر ناوی نوێی پارکەکە لادرا.

ئەم بڕیارەی شارەوانیی مۆرهید لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەدایە کە لە نێوان شاری مۆرهید و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە مانگی تەممووزی رابردوودا واژۆ کرا.

لەو بارەیەوە، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژەی بەوە کرد، کە رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای دۆستایەتی داڕێژراوە و هاریکاری و هاوبەشیی نێوان هەردوو لایەن لە سێکتەرە گرنگەکانی وەک کشتوکاڵ، خوێندن و کایە کولتوورییەکان لەخۆدەگرێت.