ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە گەرووی هورمز راگرت

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاشکرای کرد، کۆشکی سپی هێرشکردنە سەر مووشەک و درۆنی ئێرانی لە گەرووی هورمز هەڵپەساردووە، ئەوەش بە مەبەستی پێشگرتن لە پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە پێش هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ئەمریکا کە بڕیارە لە 3ـی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە، راگرتنی ئەم لێدانە سەربازییانە وای کردووە ئێران بوێرتر بێت لە ئەنجامدانی هێرشەکانی، تا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبکاتەوە و فشار بخاتە سەر دۆناڵد ترەمپ؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خواستی ترەمپ بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە پێش هەڵبژاردن، لەلایەن تارانەوە کراوەتە کارتێکی فشاری بەهێز دژ بە واشنتن.

لە رووی مەیدانی و ئابوورییەوە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 109دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەوەش لە سایەی چڕبوونەوەی هێرشەکانی 10رۆژی رابردوو لە نزیک گەرووی هورمز. هاوکات ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکانی وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی چڕتر دەکاتەوە.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ جەختی کردبووەوە، پێش هەڵبژاردنە نیوەییەکان هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئێران و گەمارۆ دەریاییەکەش بە تەواوی هێزەوە بەردەوام دەبێت. هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) زەبری ئابووریی سەر ئێرانی خستووەتەڕوو، بەوەی توانیویانە نزیکەی 25 ملیار دۆلار لە داهاتی هەناردەی نەوتی ئێران سڕ بکەن بە جۆرێک کە تاران نەتوانێت دەستی پێی بگات.