حووسییەکان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدەنیان مووشەکباران کرد
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی عەدەن لە یەمەن رایگەیاند، ئێوارەی هەینی، دوو مووشەک کە لەلایەن چەکدارانی حووسییەوە ئاراستە کرابوون، کەوتوونەتە نێو حەرەمی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدەنەوە، ئەمەش بە دووەم هێرشی لەو شێوەیە دادەنرێت بۆ سەر فڕۆکەخانەکە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا.
ئاسایشی عەدەن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی کردووە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە رێوشوێنە پێویستەکان، بڕیاریشە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان وردەکاریی زیاتر بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە چەکدارانی حووسی بە پێنج مووشەکی بالیستی بارەگای مانەوەی حکوومەتی یەمەنیان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی مەعاشیق لە شاری عەدەن پایتەختی کاتیی وڵات کردە ئامانج؛ بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی یەمەن، لەو پەلامارەدا 5 پاسەوانی کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی کوژران و16ـی کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە لایەکی دیکەوە، لە مانگی رابردووەوە شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان حووسییەکان و هێزەکانی سەر بە هاوپەیمانیی پشتیوانیکراو لەلایەن سعوودیەوە دەستیان پێکردووەتەوە. هاوکات رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM) هۆشداریی لە تێکچوونی خێرای دۆخی مرۆیی داوە، دوای ئەوەی شەڕ بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 200 هەزار کەس، کە زۆرینەیان لە سەرەتای مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری رابردووەوە ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە.
ململانێ چەکدارییەکانی یەمەن لە ساڵی 2014ـەوە دەستی پێکرد، کاتێک چەکدارانی حووسی دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت و حکوومەتی ناسێنراوی نێودەوڵەتی ناچار بوو بەرەو باشوور و پاشان بۆ دەرەوەی وڵات هەڵبێت. دەستێوەردانی سەربازیی هاوپەیمانان بە رابەرایەتیی سعوودیە لە ساڵی 2015 دۆخەکەی گەیاندە چەقبەستووییەکی مەیدانی تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2022 ئاگربەستێک بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتە ئاراوە؛ بەڵام سەرەڕای تەواوبوونی فەرمیی ئاگربەستەکە و تێپەڕبوونی ماوەیەک لە هێوریی رێژەیی، لەم دواییانەدا گۆڕەپانی شەڕەکە جارێکی دیکە بە شێوەیەکی مەترسیدار گەرم بووەتەوە.