وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان
نووسینگەی کاروباری ئابووری و وزە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی کەشوهەوای وەبەرهێنان لە عێراق بۆ ساڵی 2026 بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی کردووە، گەندەڵی، بیرۆکراسی، لاوازیی دارایی و ئاستەنگە ئەمنییەکان لە پێشەنگی ئەو کۆسپانەن کە رووبەڕووی وەبەرهێنەران دەبنەوە، هاوکات کەرتەکانی وزە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و تەکنەلۆژیاش دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنانیان تێدایە.
راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی کردووە، حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و رۆژئاواییەکان خستووەتە پێشینەی کارەکانی، بەڵام بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرچاو هێشتا بەستراوەتەوە بە ئەنجامدانی چاکسازیی بەرفراوانی کارگێڕی، یاسایی و داراییەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، گۆڕینی بەردەوامی یاسا و رێنماییەکان، ئاڵۆزیی رێکارەکانی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و گومرگ، بەرزبوونەوەی باج و لاوازیی چارەسەری ناکۆکییە بازرگانییەکان، ئاستەنگی گەورەن لەبەردەم کۆمپانیا بیانییەکاندا.
هەروەها نەبوونی شەفافیەت، کێشەی کارەبا، کەمیی دەستڕاگەیشتن بە دارایی و مەترسییە ئەمنییەکان بە هۆکاری دواکەوتن و بەرزبوونەوەی تێچووی پڕۆژەکان دانراون، بەتایبەت کە گەندەڵی لە دابەشکردنی مۆڵەت و گرێبەستە حکوومییەکاندا هێشتا وەک لەمپەرێکی سەرەکی ماوەتەوە.
راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە سەرەڕای یەدەگی زۆری نەوت و غاز، عێراق هێشتا ناتوانێت کارەبای پێویست بۆ ناوخۆ دابین بکات، ئەمەش دەرفەت بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەڕەخسێنێت لە پەرەپێدانی وێستگەکان و دابینکردنی گازدا بەشدار بن.
هاوکات کەرتی گازی سروشتی، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان وەک دەرفەتێکی زۆر بەپێز وەسف کراوە، بەڵام واشنتن جەخت دەکاتەوە، سوودوەرگرتن لەم دەرفەتە پێویستی بە روونیی یاسایی، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، و دڵنیابوونەوەیە لە پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان بەشێوەیەکی رێکخراو.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، لە ساڵی 2025دا، عێراق بە بەهای 107ملیار دۆلار کاڵای ئەمریکی لە بوارەکانی کشتوکاڵ، ئامێر، فڕۆکە و کەرەستەی بەرگری هاوردە کردووە.
راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە یاسای وەبەرهێنان لە عێراق بەخشینی باج تا 10 ساڵ دەڕەخسێنێت (باجی ئاسایی کۆمپانیاکان 15%ـە و بۆ کەرتی نەوت دەگاتە 35%)، بەڵام ئاڵۆزیی کارگێڕی رێگرە لە گواستنەوەی ئاسانی قازانجەکان بۆ دەرەوە.
سەبارەت بە خاوەندارێتی؛ لە عێراقی فیدراڵدا بیانییەکان بەگشتی دەتوانن تا 49%ی پشکی کۆمپانیا ناوخۆییەکان بەدەستبهێنن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان رێگە بە خاوەندارێتیی 100%ی بیانی دەدات لە زۆربەی پڕۆژەکاندا، ئەمەش هەرێمەکەی کراوەتر کردووە، سەرەڕای بوونی ئاستەنگەکانی وەک کێشەی گومرگی لەگەڵ بەغدا و مەرجی دامەزراندنی 75%ی دەستی کاری ناوخۆیی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی داوە، پشتبەستنی عێراق بە مامەڵەی کاش و دووبارە دانانەوەی وڵاتەکە لە لیستی رەشی گرووپی کاری دارایی (FATF) لە حوزەیرانی 2026، نیشانەی کەموکوڕییە لە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارەدا، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر متمانەی بانکە نێودەوڵەتییەکان دادەنێت. هاوکات چالاکیی گرووپە چەکدارەکان و ئەو هێرشانەی لە کاتی گرژییە ناوچەییەکاندا کراونەتە سەر بەرژەوەندییە بیانییەکان، هێشتا وەک مەترسییەکی ئەمنیی بەردەوام دەمێننەوە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، عێراق هەموو توانایەکی هەیە بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، بەڵام ئەمە کاتێک دەبێتە واقیع کە بەڵێنەکان ببنە کردار لە رێگەی بنبڕکردنی گەندەڵی، سەربەخۆیی دادوەری، چاکسازیی بانکی و پابەندبوون بە گرێبەستە نێودەوڵەتییەکانەوە.