سوپای پاسداران: کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز بەر مین کەوت

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونیدا بە گەرووی هورمزدا، بەرمینکی دەریا کەوتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، کەشتییە نەوتهەڵگرەکە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو و هەوڵیداوە بەشێوەیەکی نایاسایی و لە رێڕەوێکەوە تێپەڕبێت کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە رێگەی پێ نەدراوە.

لەم بارەیەوە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لەسەر زاری سوپای پاسدارانەوە رایگەیاند؛ کەشتییە نەوتهەڵگرە گەورەکە بەهۆی بەرکەوتنی بە مینە دەریاییەکە، تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا ئاگرێکی گەورە لە کەشتییەکە بەربووە.

لە راگەیەندراوەکەدا، هێزی دەریاییی سەر بە سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی داوە و رایگەیاندووە: "گەرووی هورمز داخراوە، و چارەنووسی هەر کەشتییەک کە پێشێلی یاساکانی ئێران بکات، سووتانە."

رووداوی سووتانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026 ئاژانسی "ئێرنا" بڵاویکردەوە سوپای پاسداران رایگەیاندووە، لە کاتی گەشتێکی چاودێریدا لە یەکێک لە رێڕەوە قەدەخەکراوەکانی نزیک گەرووی هورمز، کەشتییەکی نەوتهەڵگریان بە گڕگرتوویی دۆزیوەتەوە، بەبێ ئەوەی سەرەتا هۆکاری ئاگرەکە و خاوەندارێتیی کەشتییەکە روون بکەنەوە.

سوپای پاسداران راشیگەیاند؛ کەشتییەکە بۆ ئەوەی بە نهێنی بە گەرووەکەدا تێپەڕبێت، سیستەمی چاودێری و شوێنپێهەڵگرتنی دەریاییی کوژاندبووەوە، بەڵام دەربازی نەبووە. ئێران لەو ڕاگەیەندراوەشدا پێداگری لەوە کردبووەوە کە گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزە دەریاییەکانی ئێراندایە و هیچ کەشتییەکی بازرگانی یان هێزێکی بیانی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە تاران ناتوانێت پێیدا تێپەڕێت.