وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە مەبەستی بەشداریکردن لە 52ـەمین خولی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی گەیشتە بەغدا.

کۆبوونەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوەکە بڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە بەغدا بەڕێوەبچێت، تێیدا دروشمی "دیالۆگ و هاوپشتی؛ دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام" وەک تەوەری سەرەکیی دانیشتنەکان دیاریکراوە.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی "ئێرنا"، وەزیری دەرەوەی ئێران جگە لە پێشکەشکردنی وتار لە کۆبوونەوە گشتییەکەدا، زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆی دووقۆڵی لەگەڵ هاوتاکانی لە وڵاتانی ئیسلامی سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بارودۆخی ناوچەکە ئەنجام دەدات.