ترەمپ لە بەرامبەر دابینکردنی گاز سزاکانی سەر رووسیا سووک دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی فەرمانێکی جێبەجێکردنەوە هاوردەکردنی بەرهەمەکانی رووسیا و کڕینی نەوت و گازی ئەو وڵاتەی لە بەشێک لە سزاکان بەخشیوە.
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی کردووە، ئەم هەنگاوە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا دەکات، هاوکات ترەمپ دەرگای کراوە هێشتووەتەوە بۆ سەپاندنەوەی سزاکان یان گرتنەبەری رێکاری دیکە لە داهاتوودا.
ئەم بڕیارە وەرچەرخانێکی نوێیە لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە مۆسکۆ، بەتایبەت کە لەم دواییانەدا ترەمپ ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووسیا لە دۆسیەکانی وزەدا، لە کاتێکدا رەخنەکانی لە ئۆکراینا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە. ئەم رێککەوتنەی گاز بە ئامانجی زیادکردنی خستنەڕووی سووتەمەنییە لە بازاڕە جیهانییەکان تا رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە بگیرێت.
پێشتر کۆنگرێس یاسای لیندزی گراهام بۆ سزادانی رووسیا و ئێران بۆ ساڵی 2026ـی پەسەند کردبوو، کە باجی گومرگی تا 100٪ بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت نەوت و گازی رووسیا دەکڕن؛ ترەمپ لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا یاساکەی واژۆ کرد، بەڵام دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی بەکارهێناوە بۆ هەڵپەساردنی سزاکان بە بیانووی خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی نیشتمانی.
ئەم سیاسەتەی ترەمپ کاردانەوە و مشتومڕی ناوخۆیی لە ئەمریکا لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لە بەروبەری هەڵبژاردنە نیوەییەکان کە کۆمارییەکان هەوڵی پاراستنی زۆرینەی خۆیان لە کۆنگرێس دەدەن. دیموکراتەکان و بەشێک لە کۆمارییەکانیش رەخنە لەم هەنگاوە دەگرن؛ دۆن بایر، ئەندامی کۆنگرێس لە فراکسیۆنی دیموکراتەکان رایگەیاندووە: ئەم هەنگاوە تەسلیمبوونە بە پووتین و ئامانجی کۆنگرێس بۆ سزادانی مۆسکۆ لەبار دەبات. نەیارانی ئەم بڕیارە پێیان وایە پارەی سووتەمەنییەکە دەبێتە سەرچاوەیەکی دارایی نوێ بۆ رووسیا تا جەنگەکەی لە ئۆکراینا پێ درێژە پێ بدات.
لە بەرامبەردا، هەردوو وڵاتی چین و هیندستان کە گەورەترین کڕیاری نەوتی رووسیان، نیگەرانییان لەبارەی سزاکانی ئەمریکا دەربڕیبوو؛ نیودەلهی هۆشداریی دابوو لە لێکەوتەی باجە گومرگییەکان لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، و بەیژینگیش بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەریی دەرەکی لەلایەن واشنتنەوە رەتکردبووەوە.
ئەم پێشهاتانە ئاماژەن بۆ هاوسەنگییەکی نوێ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، بە شێوەیەک کە واشنتن ئامرازەکانی فشار دەهێڵێتەوە، بەڵام لە کاتی پێویست و لە کاتی تەنگژەی وزەدا، بەرژەوەندییە ئابوورییەکان پێش دەخات، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ لێکگەیشتن و نزیکبوونەوەی هەنگاو بە هەنگاوی نێوان ترەمپ و پووتین.