ناتانیاهۆ بۆ ئۆباما: خاکی هیچ کەسێکمان نەدزیوە

کۆبوونەوەیەکی پێشووی ئۆباما و ناتانیاهۆ لە کۆشکی سپی
کۆبوونەوەیەکی پێشووی ئۆباما و ناتانیاهۆ لە کۆشکی سپی

بنیامین ناتانیاهۆ، هێرش دەکاتە سەر باراک ئۆباما و رەتیدەکاتەوە ئیسرائیل داگیرکەر بێت، جەختیش دەکاتەوە، رێگرییەکانی بەردەم ئاشتی لە ناوچەکەدا بەهۆی دوژمنانی ئەوان و ئەمریکاوەیە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، سەردانی ئیرلەندای باکووری کرد بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرای شانازی لە زانکۆی کوینز لە بێلفاست. لە کاتی قسەکردنیدا، ئۆباما، رایگەیاند، ئیسرائیلییەکان خاکیان لە خەڵکی دیکە سەندووە و لەم کارەشیاندا زێدەڕۆییان کردووە. 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بە توندی وەڵامی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکای دایەوە.

ئەو، گوتی، "ئێمە داگیرکەر نین و خاکی هیچ کەسێکمان نەدزیوە، ئەمە خاکی باوباپیرانمانە، ئێمە وەک هۆڵەندییەکان نین لە ئیندۆنیزیا، یان وەک بەلجیکییەکان لە کۆنگۆ، ئێمە جوولەکەین لە یەهوودا و هەزاران ساڵە پەیوەستین بەم خاکەوە".

لە کاتی قسەکردنیدا دەربارەی هەلەکانی بەدیهێنانی ئاشتی، ناتانیاهۆ، ئاماژەی بەوە دا، رێگرەکان لە ئیسرائیلدا نین، بەڵکوو لە رەتکردنەوەی ئەو لایەنانەدایە کە بە دوژمنانی ئیسرائیل و ئەمریکا وەسفی کردن، لەبەر ئەوەی ئامادە نین دان بە مافی جوولەکەکاندا بنێن بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان، بێ گوێدانە سنوورەکانی.

هەروەها، باسی لەوە کرد، ئیسرائیل و ئەمریکا رووبەڕووی دوژمنی هاوبەش دەبنەوە، دروشمی مەرگ بۆ هەردوو وڵات بەرز دەکەنەوە، پێشیوایە هەردوو لایەنەکە بەرگری لە شارستانییەتێکی هاوبەش دەکەن.

ناتانیاهۆ، گوتی، "هەر ئاشتییەک لەسەر خەیاڵ بونیاد بنرێت، بەسەر بەردی راستییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکدەشکێت". هەروەها، ئەوەی خستەڕوو، ئیسرائیل مانەوەی خۆی ناخاتە مەترسییەوە بۆ رازیکردنی ئەوانەی رەتیدەکەنەوە دان بە مافەکانیدا بنێن، یان ئەوانەی هەوڵدەدەن ئەوەی بە تیرۆر وەسفی کردووە، رازی بکەن.

هەروەها، هۆشداری دا، پشتبەستنی ئیسرائیل تەنیا بە هێزی سەربازی و تەکنەلۆژی بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی و رەتکردنەوەی سازشکردن، وادەکات پێگەی مرۆیی خۆی لەدەستبدات.